پزیشکانی بێسنوور کارەکانی لە دوو سەنتەری پزیشکی لە موسڵ هەڵپەسارد

05-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، بەهۆی رۆتێن و رێوشوێنە فەرمییە زۆر و ئاڵۆز و ناڕوونەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا لە بەڕێکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانیان، بەشێک لە چالاکییە پزیشکییەکانی لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا راگرت.
 
رۆژی چوارشەممە، 5-7-2023، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی راگرتنی بەشێک لە چالاکییەکانەوە لە شاری موسڵ رایگەیاند "بەهۆی کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، چالاکییە سەرەکییە پزیشکییەکان لە دوو سەنتەری پزیشکی کە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور سەرپەرشتییان دەکات، لە شاری موسڵ راگیران".
 
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور روونی کردووەتەوە، "بڕیارەکە بەهۆی رێوشوێنە فەرمییە دوورودرێژ و ئاڵۆز و ناڕوونەکانەوەیە، کە رێگری لە گەیشتنی دەرمان و پێداویستی تەواوی پزیشکی دەکات بە رێکخراوەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە".
 
رێکخراوەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات رێوشوێنەکان ئاسان بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە گومرک رزگاریان ببێت و رێکخراوەکە پێویستییە پزیشکی و مرۆییە پێویستەکانی بگەیەنێتە عێراق.
 
سەبارەت بەو چالاکییانەشی راگیراون، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور روونیکردووەتەوە، یەکێکیان نۆرینگەی ئەمەلە بۆ خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی ئافرەتان و منداڵبوون، کە لە بەری راستی موسڵە و چاودێری فریاگوزاریی کوالێتیی بەرز لە بواری تەندروستی ئافرەتان و منداڵبوون و چاودێریکردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو و چاودێری تەندروستی دەروونی دەکات، لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی نەشتەرگەری لە بەری چەپی موسڵ. کە خزمەتگوزاریی تەواو لە نەشتەرگەریی تایبەتمەندی پێست و چاودێری گشتی دوای نەشتەرگەری پێشکێش دەکات.
 
فێرناندۆ گالفان، سەرۆکی تیمی پزیکشانی بێسنوور لە عێراق، لەوبارەیەوە رایگەیاند "بەداخەوە ناچاربووین خزمەتگوزارییەکانمان لەو دوو سەنتەرە چالاکە لە رۆژی 1ـی ئەم مانگەوە رابگرین، بەهۆی پێنەگەیشتنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی پێویست، کە رێگەمان لێدەگرێت لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە نەخۆشەکانمان".
 
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوەکەدا باسی لەوەشکرد، رێکخراوەکە بەمدواییانە توانیویەتی بارێکی دەرمان و پێداویستی پزیشیکیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بەیارمەتی هەندێک لایەنی پەیوەندیدار دەربهێنێت، بەڵام بەشی زۆری ئەو پێداویستییانە بەسەرچوون و بەکەڵک نەماون.
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور باسی لەوەکردووە، چاوەڕوانی گەیشتنی 10 باری دیکە دەکەن، زیاتر لە 12 تۆن پێداویستی پزیشکییە و لەرێگەی گەیشتنیانن بە عێراق، بەڵام ئەو بارانە پێویستیان بە رێگەپێدانە بۆ ئەوەی بێنە نێو عێراقەوە، کە ئەوەش ماوەیەکی زۆری دەوێت.
 
د.بەشار جادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا لەبارەی داخستنی ئەو دوو سەنتەرە پزیشکییەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە موسڵ و پارێزگای نەینەوا، کردنەوەی هەر سەنتەرێکی پزیشکی، واتە خزمەتکردن بە هەزاران کەس، داخستنیشی واتە زیانگەیاندن بە هەزاران کەس، بۆیە داخستنی ئەو دوو سەنتەرە زیانی زۆری دەبێت."
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو رۆتینانەی لە بەرامبەر گەیشتنی پێداویستییە پزیشکییەکانی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەکرێت، گوتی "بەدواداچوونمان کردووە، بابەتەکە پەیوەندیی بە وەزارەتی گواستنەوە یان فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی بەغداوە نییە، بەڵکو لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایە، دەبێت ئەو پێداویستییانە بگاتە هەولێر و لەوێوە بگاتە موسڵ، لێرە زەحمەتی دروستدەکرێت".
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رێکخراوێکی پزیشکیی نێودەوڵەتییە، لە ساڵی 1971 لە پاریس لەسەر دەستی ژمارەیەک پزیشک و رۆژنامەڤان دامەزراوە، لەساڵی 2014ـەوە لە رێگەی دامەزراندنی چەند سەنتەرێکی پزیشکی، خزمەتی دانیشتووانی موسڵ دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە