دووەمی 12ی ئامادەیی لە بەشی وێژەیی دەڵێت: منیش یەکەمم و نمرەکەم بە هەڵە خوێندراوەتەوە

06-07-2023
هۆرڤان رەفعەت
چاوان قادر لە نمرەکانی دەڕوانێت. وێنە: رووداو
چاوان قادر لە نمرەکانی دەڕوانێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

چاوان قادر یەکێکە لە دەرچووە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پۆلی 12 و کۆنمرەکەی 682ە، بەڵام لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن وەزیری پەروەردەوە، نمرەکەی بە هەڵە خوێندراوەتەوە. لە ریزبەندیی وەزارەتی پەروەردە، چاوان توانیویەتی بە کۆنمرەی 682 ببێتە دووەمی بەشی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام چاوان دەڵێت، ئەویش یەکەمە.
 
بە گوتەی چاوان قادر، دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی، نمرەی ئەو زیاتر بووە لەوە خوێندراوەتەوە و مافی خوراوە لەگەڵ یەکەمی بەشی وێژەیی، ئەو دەڵێت، "تاکە کێشەم ئەوەیە، نمرەکەم راگەیێندراوە، بە هەڵە خوێندراوەتەوە و گوتوویانە 680یە، دواتر کە سەیری نمرەکانم کرد، هی من و ئەویش 682 بوو، واتە هەردووکمان یەکەمین، بۆیە هیوادارم کێشەکە چارەسەر بکرێت، ئەگەریش هی ئەو زیاتر لە هی منە با پێمان بڵێن."
 
چاوان لە خوێندنگەیەکی ناحیەی عەربەتە لە سلێمانی، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، هەڵەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بووە، بەڵام نازانن چۆن ئەنجامدراوە و دەیانەوێت نمرەی تەواوەتیی هەردوو خوێندکاری یەکەم و دووەم ئاشکرا بکرێت.
 
وەردە ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئامادەیی بەدرخانی کچانە و بە رووداوی گوت، "بابەتەکە ئەوەیە کە پێویستە هەر هیچ نەبێت روونکردنەوەیەک بدەن، چونکە هێشتا لە ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە، خاتوو هەنار کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە هەمان نمرەی خوێندکارەکەی ئێمەی هەیەکە 682ە، ئەویش ئەوە دەبینێت کە خەڵکێکی زۆر ئەو خوێندکارە دەبینن و لای لێدەکەنەوە و خزمەتی دەکەن، لەکاتێکدا ئەم زۆر پشتگوێ خراوە."
 
پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، هەڵەکە لە کۆکردنەوەی ژمارەکان بووە و یەکەم و دووەم هەر وەک خۆیەتی.
 
دڵشاد محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "ئەو پاوەرپۆینتەی نمرەکانی لەسەر نمایش کراوە، هەڵەیەکی تێدا بووە لە ژمارەکان، ئەو قوتابییەی کە 680ی بۆ نووسراوە لەسەر پاوەپۆینتەکە لە بنچینەدا 682ە، بەڵام نمرەکەی هەنار خان 686ی هەیە کە موعەدەلەکەی دەکاتە 97.71."
 
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 30 خوێندکار توانیویانە لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی، ئایینی و گەشتوگوزار پلەکانی یەکەم و دووەم و سێهەم بەدەستبهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە