مەسرور بارزانی لە "دیداری خەڵک": لەم کابینەیەدا هەموو مووچەکان دراون
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا بەناونیشانی "دیداری خەڵک" قسەی بۆ هاونیشتمانییان کرد و باسی کارەکانی کابینەکەی کرد، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانیش رایگەیاند "لەم کابینەیەدا هەموو مووچەکان دراون".
دیدارەکەی مەسرور بارزانی ئەمشەو (چوارشەممە، 5-7-2023) لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، سەرەتا سەرۆکوەزیران گوتارێکی پێشکێش کرد، باسی لەوە کرد لەسەرەتای دەستپێکی کاری ئەم کابینەیە، ئومێدێکی زۆریان هەبووە کە بە سیستمێکی تۆکمەی ریفۆرم بتوانن کاری باش بکەن، گوتی "لەماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەستم بەوە کردووە، زۆر شت هەیە نوقسانە (کێماسییە) کە بەشی ریفۆرم ناکات و دەبووایە لەسەرەتاوە زۆر شت دروست بکرێن".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد "ئومێدم بەوە هەیە سیستمی بەدیجیتاڵکردنی شێوازی حوکمڕانی، کارئاسانییەکی زۆرتر دەکات هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە زۆر شوێندا ئەم داتابەیسە هەر بوونی نەبووە، بۆیە تیمی تایبەتم دەستنیشان کرد لەگەڵ وەزارەتەکاندا کار بکەن بۆ ئەوەی ئەم داتابەیسە دروست بکرێت''.
بەربەستەکانی بەردەم کابینەی نۆیەم
مەسرور بارزانی، باس لەوە دەکات لە کابینەی نۆیەمدا کاری زۆر باش کراون، "بەڵام پەتای کۆرۆنا کە بە بەربڵاوی بڵاوبووەوە، یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم چاکسازییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو"، بەهۆیەوە بۆ ماوەیەیکی زۆر نەیانتوانیوە کارەکان وەکو پێویست راپەڕێنن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو قەیرانانەی لە کابینەی نۆیەمدا بۆ هەرێمی کوردستان هاتوونەتەپێش، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و دروستکراون، ''بەشێکی لەسەر ئاستی نێوخۆ، یان ئەو کەسانەی لە بەرژەوەندییەکانییان درا، یان هەستیان بە مەترسی دەکرد، کەوتنە جوڵەی دژایەتیکردنی ئەم حکومەتە و، بەشێکیشی لە دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی گوشاری ئابووری، یاسایی ئەمنی بۆ ئەم حکومەتە بهێنن تاوەکو نەتوانین لە ئەرکەکانماندا سەرکەوتوو بین''.
مەسرور بارزانی باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناخێکدایە، کە بەشێکی زۆری قەیرانەکان تێپەڕێندراون، ''بەڵام هێشتاش ماوە، کە ئێمە بتوانین پێکەوە رووبەڕووی ئەو چاڵێنجانەی داهاتووش ببینەوە''.
"لەم کابینەیەدا هەموو مووچەکان دراون"
سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە مانگانە دەبێتە گەرمترین مژارەکانی هاونیشتمانییان، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لەم کابینەیەدا هەموو مووچەکان دراون و هەرچەندە هەندێکجار هەندێک دواکەوتووە، بەڵام ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و گرفتەی بۆ کابینەکەشمان دروستکرا، توانیمان مووچەکان بدەین".
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دوا و، رایگەیاند "نیازی هەرێمی کوردستان نیازێکی پاک بووە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی، بەردەوام نەرمیمان نواندووە و هەوڵمانداوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، بەڵام شتێک کە ئێمە هەمووکات داکۆکی لێدەکەین، پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە''.
هەروەها جەختی کردەوە "لە رێگەیەکی گونجاو دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانین بە رێگەیەی ئاشتیانە هەموو ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا، کە مافەکانمان تێیدا دیاریکراوە".
''دەبێت ئاکرێ ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نەورۆز''
هاونیشتمانییەکی ئاکرێ بە ناوی هەڤاڵ عەبدولعەزیز، داوای لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، حکومەت کار بۆ ئەوە بکات، ئاکرێ ببێتە پایتەختی فیستیڤاڵەکانی تایبەت بە نەورۆز.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدا گوتی، حکومەت گرنگییەکی زۆر بە ئاکرێ دەدات، بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و ئەو پڕۆژانەی کە پێویستن، جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی لە کاتی فیستیڤاڵەکانی تایبەت بە نەورۆزدا.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە؛ دەبێت گرنگییەکی زۆر بە ئاکرێ بدرێت، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکانی تایبەت بە رێوڕەسمی نەورۆز.
"توانای کڕینی هاووڵاتییان، شەقامەکانی قەرەباڵخ کردووە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی یوسف تەلعەت رەزا، موقەدەمێکی هاتووچۆ کە داوای گرنگیپێدانی زیاتری بە کەرتی هاتووچۆی هەولێر کرد، رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسەی پێویست دەکات بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بە کەرتی رێگەوبان و هاتووچۆ بدرێت، گوتیشی، جێگەی خۆشحاڵییە کە هاووڵاتییان توانای کڕینی ئۆتۆمبێلیان هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی قەرەباڵخییەکی زۆری رێگەکان''.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن.
''بەرهەمی جووتیاران روو لە زیادبوونە''
ئەسکەندەر حەیدەر، جووتیار و دانیشتووی گوندێکی سەر بە هەولێر، باسی لە کەرتی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان کرد کە پێویستی بە بەهێزکردنی زیاترە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، روو لە زیادبوونە و جەختی لەوە کردەوە، بەشێک لە سیاسەتی کابینەی نۆیەم ئەوە بووە، گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵی بدرێت و وەکو سەرچاوەیەکی بەردەوام بۆ داهات لە کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم هەوڵێکی زۆری داوە کە بازاڕێکی دەرەکی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بکات، کە ''ساڵی رابردوو توانیمان بۆ یەکەمجار بە فەرمی بەروبوومی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا بکەین''.
گوتیشی کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی ئابووریی کوردستان و پیشەسازی و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ''بێگومان یەکێک لە خاڵەکانی هەرە گرنگەکان کە لای خۆم زۆر جێگەی بایەخە، ئەوەیە کە ئێمە چۆن بتوانین هاوکاری و پاڵپشتی جووتیاران بین''.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ هاوکاریی جووتیاران، پاراستنی نرخی بەرهەمی کشتوکاڵیش یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتە و نابێت نرخی پێداویستییەکانیش لەسەر هاووڵاتییان گران بکرێن.
''چەندین قوتابخانەی نوێ دروستکراون''
مامۆستایەکی قوتابخانە داوای بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەی گوندەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد، مەسرور بارزانی دەڵێت، حکومەت زۆر هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن بەرزبکاتەوە و پێداویستییەکانی مامۆستا، قوتابی و قوتابخانەکان باشتر بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە کابینەی نۆیەمدا چەندین قوتابخانەی نوێ دروستکراون و نۆژەنکراونەتەوە، ''لە بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەشدا هەیە کە ئەو قوتابخانانەی بیناکانیان گونجاو نین، نۆژەن بکرێنەوە و لە زۆر شوێنیشدا کە قوتابخانە نییە، قوتابخانەی تێدا دروست بکرێت، بەڵام زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەو توانایەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەستیەتی".
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو؛ لە کابینەی نۆیەمدا هەوڵی ئەوە دراوە راهێنان بە مامۆستایان بکرێت و، ''وەزارەتی پەروەردە بەرنامەی ئەوەی هەیە لە مانگی 9ـی ساڵی 2023ـوە تاوەکو ساڵی 2030 بەرنامەی راهێنانی مامۆستایان بخاتە کار، بۆ ئەوەی بە ئاستێکی پێشکەوتووتر کەرتی پەروەردە بخرێتە کار و گرنگیی زیاتری پێ بدرێت".
''کەرکووک دڵی کوردستانە''
ئەنوەر عەلی بەگ، هاونیشتمانیی کەرکووک باسی ''تەعریبکردن''ـی شارەکەی دەکات و دەڵێت، عەرەبەکان بە هاوکاریی سوپای عێراقی گێچەڵیان پێدەکەن و داوای هاوکاری لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی لە وەڵامی قسەکانی ئەنوەر عەلی بەگدا گوتی: "کەرکووک دڵی کوردستانە، ئێستاش داکۆکی لەوە دەکەین کە بەشێکی دانەبڕاوە لە کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەو ناپاکییەی لە 16ـی ئۆکتۆبەر کرا، ئەم دۆخەی ئێستای لەسەر کەرکووک دروستکرد، کە هەموو خەڵکی کەرکووک بە کورد و تورکمان و نەتەوەکانی دیکەشەوە ئێستا لەژێر دەسەڵاتێکی خۆسەپێندا دەژین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئاگادارە بە چ شێویەک دژایەتیی جووتیارانی کورد دەکرێت و ناهێڵن لە کێڵگەکانی خۆیاندا کشتوکاڵ بکەن و سوودی لێوەربگرن.
مەسرور بارزانی گوتی ''لەسەر ئەم بابەتە، چەندین جار پەیوەندیم بە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق کردووە و داوام کردووە ئەم ستەمە لەسەر جووتیارانی کورد لەو سنوورە بوەستێنرێت و بەڵێنی داوە کە بەدواداچوون دەکەن و ئەوانەی ئەم جۆرە کارانەش دەکەن، رووبەڕووی سزای یاسا دەکرێنەوە''.
"ناوچە دابڕێندراوەکان، نەک دابڕاوەکان"
مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری فەرمان کاکەیی، هاونیشتمانییەکی کەرکووک، کە لەسەر ناوچەکانی تایبەت بە مادەی 140 پرسیاری کرد، گوتی ''ناکرێت بە ناوچەکانی مادەی 140 بڵێین دابڕاو، بەڵکو دەبێ بگوترێت دابڕێندراو، چونکە بەویستی ئێمە نەبووە و بە هیچ شێوەیەک دان بەوەدا نانێین، کە ئەم ناوچانە کوردستانی نین''.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵێکی زۆر دراوە لە مادەی 140ـی دەستووری عێراقی کە بە شێوەیەکی دەستووری چارەسەرێک بۆ گرفتی ئەم ناوچانە بدۆزرێتەوە، ''دەبووایە تاوەکو ئێستا چارەسەر بووایە، بەڵام بەداخەوە عەقڵییەتی شۆڤێنی، خۆسەپاندن و گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە، هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە زاڵە، بۆیە پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان، حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان بە یەکەوە بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی، نیشتمانی و خاکی خۆیان بکەن.''
مەسرور بارزانی سەبارەت بە ناوچەکانی مادەی 140 جەختی لەوەش کردەوە، ''ئامادە نین واز لە بستێک خاکی کوردستان بهێنین و ئەوەی لە تواناماندا بێت، بۆ باشترکردنی ژیانی کەرکووکییەکان دەیکەین''.
''پێویستە داوای قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەینەوە''
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشتگوێخستنی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەلایەن حکومەتەکانی بەغداوە گوتی ''بەداخەوە ئەوەندەی کە هەندێک لایەنی سیاسی سەرقاڵی ئەوەن رووی تۆمەت و گلەیی لە خۆمان و لە حکومەتەکانی خۆمان بکەنەوە، ئەوەندە رووبەڕووی حکومەتەکانی بەغدا و رژێمەکانی پێشووتر کە تاوانیان کردووە، نابنەوە.''
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی ناوچەکەش، پێویستە داوای هاووڵاتییانی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت و بەپێی توانا وەڵامی داخوازییەکانیان بدرێتەوە، ''بێگومان ئێوە شایەنی ئەوەن زۆر لەوەی کە هەیە زیاتر بۆتان بکرێت.''
''یەکەم شوێن کە دەستنیشانم کردبوو سەردانی بکەم، هەڵەبجە بوو''
مەسرور بارزانی لە وەڵامی هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەڵەبجە کە بۆچی تاوەکو ئێستا سەردانی هەڵەبجەی نەکردووە، گوتی، ''نەهاتنی ئێمە بە مانای ئەوە نییە دڵمان لەگەڵ هەڵەبجە نییە، یان ئاگاداری ئێش و ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجە نین''.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای دەستپێکی کاری کابینەکەیەوە، یەکەم شوێن کە دەستنیشانی کردبوو سەردانی بکات، هەڵەبجە بووە و دەڵێت ''داواشم کردووە ئەو پڕۆژانەی پێویستن بۆ هەڵەبجە، ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی من بتوانم نەک تەنیا بۆ سەردان بەڵکو بە کۆمەڵێک پڕۆژەوە بچمە ئەو پارێزگایە، کە بەداخەوە هەر جارێک ویستوومە بێم، شتێک هاتووەتە پێش''.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی، ''دەبووایە دەسەڵاتی خۆماڵی زیاتر خزمەتی هەڵەبجەی کردبووایە و زیاتر بە هانای خەڵکی هەڵەبجەوە چووبووایە، بۆ ئەوەی ئێستا گلەییەکانیان ئاراستەی من نەکرابووایە''.
لەبارەی دواکەوتنی پڕۆژەی دروستکردنی پردی ''تووەقووت'' دەڵێت، "تاوەکو ئێستاش من، چاوەڕێی بەرپرسانی ئیداری لە ئاستی وەزارەت و ناوچەکەم بڵێن کە پڕۆژەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بێم لەوێ جێبەجێی بکەین و رایبگەیێنین".
دروستکردنی پردی تووەقوت، پرۆژەیەکە لە کابینەکانی پێشوو بودجەی بۆ تەرخانکراوە و لە کابینەی هەشتیشدا بە هەمانشێوە لە 01-07-2019ـدا بودجەی بۆ تەرخانکرا و خرایە سەر هەژمارە بانکییەکەی، بەڵام دواتر کە کابینەی نۆیەم دەستبەکار بوو، بڕیاردرا جارێکی دیکە بودجەی بۆ تەرخان بکرێتەوە.
لە فەیسبووکی رووداو بینەر بن: