عەبدوللەتیف سەلەفی و سەرباز محەممەد ئامادەییان بۆ دیبەیت نیشاندا
رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی لە حەج، عەبدوللـەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان، داوای دیبەیت لەو کەسانە دەکات کە وەڵامیان داوەتەوە و، دەڵێت "من هاتوومەتەوە ئێستا ئەو پیاوانە لەکوێن تەحەداکەیان ببەنە سەر و رووبەڕووی خۆم راستی قسەکەیان بۆ خەڵکی کوردستانی بسەلمێنن". لە بەرامبەردا مامۆستا سەرباز محەممەد، بیرمەندی ئیسلامی (ئەشعەری)، کە پێشتر لە رووداوەوە داوای دیبەیتی لە عەبدولـلەتیف ئەحمەد کردبوو، دەڵێت "ئەگەر دیبەیتەکە بەلاڕێدا نەبات، من ئامادەم".
ماوەیەکە ناکۆکییەکی تووند کەوتووەتە نێوان ئەشعەری و سەلەفییەکان، کە هەردووکیان خۆیان بە شوێنکەوتووی (ئەهلی سوننەت و جەماعەت) دەزانن.
رۆژی 22ـی حوزەیرانی2023، د. عەبدللـەتیف ئەحمەد (سەلەفی)، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ ئەشعەری (سۆفی) گوتی: ''من کارم بە ئەشعەری و ماتوریدی نییە، بەڵکو کارم بە چوارچێوەی قورئانە، هەر کەسێک دەست بە قورئان و حەدیسەوە بگرێت، ئەوە ئەهلی هیدایەتە، بەپێچەوانەکەشی ئەوە گومڕاییە.''
پێشتریش لە چەند گوتارێکیدا، عەبدوللەتیف ئەحمەد، ئەشعەری، ماتوریدی و سۆفییەکانی بە گومڕا وەسفکردووە و گوتوویەتی "دەڵێن خوا لە هەموو شوێنێکە. هەروەها ئەشعەری دەڵێن: هەرکەس بڵێ خوا بەڕەحمە، کافرە".
د. عەبدللـەتیف ئەحمەد، ئەمڕۆ (چوارشەممە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "لەوکاتەی لە حەج بووم، چەند کەسێک لە کەناڵەکان تەحەدایان کرد کە سەلەفییەکان داعشن یان داعشیان بەرهەمهێناوە، یان هاو مەنهەجن، دەشڵێن هەر برایەکیش ئەوەی قبووڵ نییە، ئامادەم لەگەڵی دابنیشم، دەشی سەلمێنم".
د. عەبدللـەتیف ئەحمەد دەڵێت، "ئەوە من هاتوومەتەوە، ئێستا ئەو پیاوانە لەکوێن تەحەداکەیان ببەنە سەر و رووبەڕووی خۆم راستی قسەکەیان بۆ خەڵکی کوردستان بسەلمێنن، باشتريشه هەر پێنجیان بەیەکەوە بن، بۆ ئەوەی بە یەکجار ئەم بابەتە یەکلایی بکەینەوە، ئینشائەڵڵا".
لە چەند میدیایەکی دیکەدا، چەند کەسێکی دیکە قسەیان لەبارەی سەلەفییەکانی کوردستانەوە کردبوو، بۆیە د. عەبدللـەتیف ئەحمەد، دەیەوێ بەیەکجار لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی هەموویان ببێتەوە.
مامۆستا سەرباز محەممەد، بیرمەندی ئیسلامی کە پەیڕەوکارێکی ئەشعەرییە، ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ دیبەیتەکە "بەڵام بەو مەرجەی بەلاڕێدا نەبرێت".
مامۆستا سەرباز محەممەد، مامۆستای ئایینی و کەسایەتی دیاری ئەشعەرییەکان، ئەویش بۆ وەڵامدانەوەی د. عەبدللـەتیف ئەحمەد و سەلەفییەکان، رۆژی 27یـی حوزەیران، بووە میوانی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو و، گوتی "ئەشعەرییەت، واتا ئەهلی سوننە و جەماعەت، بەڵام هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفییەت دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەهلی سوننە و جەماعەتەوە نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، مامۆستا سەرباز محەممەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئامادەم بە تەنیا دیبەت لەگەڵ د. عەبدولـلەتیف بکەم، بەڵام بەو مەرجەی دیبەیتەکە بەلاڕێدا نەبات".
مامۆستا سەرباز محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت د. عەبدللـەتیف ئەحمەد، بەڵێنی ئەوە بدات وەڵامی سێ پرسیار بداتەوە، کە لە قسەکانی خۆیدا جەختی لێدەکەینەوە بیسەلمێنێت؛ یەکەم: جارێ با ئەوە بسەلمێنێت کە ئەشعەری گوتوویانە خوا لە هەموو شوێنێکە؟ دووەم: بیسەلمێنێت ئەشعەری گوتوویانە هەرکەس بڵێ خوا بە رەحمە، کافرە. سێیەم: بیسەلمێنێت کە ئەشعەری گوتوویانە خوای گەورە ئیستیوای لەسەر عەرش نەکردووە. با ئەو بابەتانە یەکلایی بکەینەوە، دوای ئەوە دەیسەلمێنم کە جامی و مەدخەلی مەنهەجیان داعشیانەیە و، ناکۆکییەکانیشمان لەو پرسانەوە دەستیان پێکردووە و مامۆستاش بە ڤیدیۆ و لە وتاردا ئەو قسانەی کردوون".
مامۆستا سەرباز محەممەد جەختی لەوەش کردەوە کە بەتەنیا رووبەڕووی د. عەبدولـلەتیف دەبێتەوە.
ماوەیەکە ناکۆکیی نێوان سەلەفی و ئەشعەرییەکان قووڵتر بووەتەوە، تاوەکو ئەو جێگەیەی کە یەکدی بە "کافر" دەناسێنن.
رۆژی 20ـی حوزەیران، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە رێگەی گوتاری هەینی و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن چەند کەسێک گوایە خۆیان بە سەلەفی لە قەڵەم داوە، هێرشی ناڕەوایان کردە سەر گەورە زانایانی ئیسلام و سووکایەتی زۆریان بەرامبەر هەردوو رێڕەو و پەیڕەوانی ئیمامی ئەشعەری و ماتوریدی بە تایبەت ئیمام ئەبوو حەسەنی ئەشعەری هەڵڕشت".
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە "بە هەموو شێوەیەک تەئکید لە برایەتی و رێزگرتن لە بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەرچاوگرتنی واقعی کورد لە پەیڕەوکردنی رێڕەوی مەزهەبی ئیمام ئەبو حەسەنی ئەشعەری دەکەینەوە، کە مەزهەبی زۆرینەی ئەهلی ئیسلامە بەدرێژایی پتر لە هەزار ساڵ، گەورە زانایانی کوردیش ئەو پارسەنگ و رێبازەیان پاراستووە و پەیڕەوکردووە، دەنگێگی نەشاز و نابەرپرس بیەوێ پشێوی و سووکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئەم ئاراستەیە بگرێتەبەر، قابیلی قبووڵ نییە، بە پلەی یەکەمیش بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و لایەنی پەیوەندیدار نابێت رێگە و دەرفەت بەم جۆرە کار و هەنگاوانە بدەن، دواجار وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەبێت".