زیاتر لە 150 گوندی دهۆک بێ کارەبای مووەلیدەن

06-07-2023
هونەر رەشید
نەبوونی کارەبای مووەلیدە لە گوندەکانی دهۆک
نەبوونی کارەبای مووەلیدە لە گوندەکانی دهۆک
نیشانەکردن کارەبا دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە 150 گوندی پارێزگای دهۆک، تەنیا کارەبای نیشتمانییان هەیە و کاتێک کارەبا دەبڕێت، دەبێت مووەلیدەی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن، یان بێ کارەبابن. 
 
غازی عەبدوڵڵا، موختاری گوندی غەلبووکێیە لە سنووری ناحیەی زاوێتەی پارێزگای دهۆک، لە گوندەکەدا تەنیا هەشت ماڵ دەژین و ماوەی نۆ ساڵە بێ کارەبای مووەلیدەن، چونکە حکومەت گازی لێ بڕیون و ئەوانیش ناتوانن مووەلیدەی گەورە پڕبکەنەوە.
 
غازی عەبدوڵڵا قسەی بۆ رووداو کرد و دەڵێ، "هەر ماڵێک مووەلیدەی خۆی هەیە؛ مووەلیدەی بچووک کە بە بەنزین کاردەکات و ناتوانین بەفرگر و ساردکەرەوەی پێ بەکاربهێنین. زۆر ناخۆشە، مووەلیدەکانی ئێمە تەنیا بۆ رووناکین و دەتوانین تەنیا یەک پانکەشی پێ هەڵکەین، کارەباکەمان هەتا کاژێر 11 بۆ 12ـی شەو دەبێت و ئیدی بێ کارەبا دەمێنین؛ دەبێت لەسەربان یان دەرەوە بخەوین".
  
زیاتر لە 150 گوندی دهۆک بێ کارەبای مووەلیدە و کارتی تایبەتن و بەهیوای کارەبای نیشتمانی و مووەلیدەی بچووکن، ئەو مووەلیدانەش کە لە ساڵی 2014 دابینکراون، هەتاوەکو ئێستا کاریان پێنەکراوە، چونکە دوای ئەوەی پێدانی سووتەمەنییەکانیان راگیراوە، لە توانای گوندنشیناندا نەبووە خۆیان سووتەمەنی بۆ ئەو مووەلیدە گەورانە دابین بکەن.
 
ئیسماعیل غەلبووکی، ریشسپیی گوند دەڵێ: هەرماڵێکمان مووەلیدەیەکی بچووکی هەیە، چونکە مووەلیدەی گەورە گازی دەوێت و گازیش گرانە، بەرمیلی بە 300 هەزار دینارە، بۆیە نە کارەبای نیشتمانی و نە مووەلیدەشمان هەیە".
 
کۆمەڵەی مووەلیدەکانی پارێزگای دهۆک روونی دەکاتەوە، ناتوانن بۆ هەر گوندێکی بچووک مووەلیدەیەک دابنێن، چونکە داهاتیان کەمە و ناگاتە بڕی تێچوویان.
 
هەکار هرووری، گوتەبێژی کۆمەڵەی مووەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک دەڵێ "لە ساڵی 2014، کاتێک حکومەتی فیدراڵی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، لەوکاتەوە هاریکارییەکان بۆ مووەلیدەکانی گوندەکان کە حکومەت پاڵپشتی دەکرد، وەستاون".
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک 1452 گوند هەن، نزیکەی 483ـیان چۆڵن، بەهۆی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نە کارەبای نیشتمانی و نە مووەلیدەیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.