لە هەولێر هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شەش دەکرێت

05-07-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن بەشەخۆراک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر هەفتەی داهاتوو بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران بەسەر هاونیشتمانیان دابەشدەکرێت. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانیش دەڵێت، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شەش کراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 05-07-2023، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەندێک لە مادەکانی بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران کەمن وەکو شەکر و زەیت، بۆیە تائێستا دەستمان بە دابەشکردنی نەکردووە، چاوەڕوانین ئەو دوو مادەیە بگەن ئەوکاتە راستەوخۆ دەدرێتە بریکارەکان بۆ ئەوەی بەسەر هاونیشتمانیانی دابەشبکەن."
 
بەگوتەی دلێر عەبدولواحید، رۆژانە ئەو مادانەی بەردەستن، دەدرێنە بریکارەکان، ئێستاش رۆژانە بەغدا شەکر دەنێرێت، رەنگە تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو سەرجەم بەشە خۆراکی مانگی شەش بگات و یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
 
سەبارەت بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی شەش لە پارێزگەی سلێمانی، شەوکەت محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران دەستیپێکردووە و ئێستا رۆژانە ئەو مادانەی هەن، دەدرێنە بریکارەکان، ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو بگاتە سەرجەم بریکارەکان".
 
ئەو بەشەخۆراکەی مانگانە دابەشدەکرێت (بۆ یەک کەس):
 
- برنج: 3 کیلۆ
- دۆشای تەماتە: 500 گرام
- شەکر: یەک کیلۆ
- رۆنی شل: یەک لیتر
- نیسک یان فاسۆلیا: 500 گرام
- لەتکەنۆک: 500 گرام
- ئارد: 9 کیلۆ
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە