کەشناسی: سبەی لە گەرمیان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت

رووداو هەولێر

بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان سبەی لە گەرمیان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت "بەپێی پێشبینییەکان رۆژی پێنجشەممە و هەینی بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکرێن و دەگاتە 49 پلەی سیلیزی".
 
رۆژی چوارشەممە 05-07-2023 بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی کەشوهەوای سبەی رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت و بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت، کە 48 پلەی سیلیزییە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران کە 32 پلەی سیلیزییە.
 
ئاراس جەبار، کە شارەزای کەشناسییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "سبەی و دووسبەی بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانمان پلەی گەرما تاوەکو 49 پلەی سیلیزی و رەنگە زیاتریش بەرزببێتەوە، لە گەرمیان پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما تاوەکو 49 پلە و لە هەولێر تاوەکو 48 پلە تۆمار بکرێت، بەڵام رۆژی شەممە 8ـی ئەم مانگە ئەو شەپۆلە گەرمایە کەمتر دەبێتەوە و پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە نزم دەبێتەوە".
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی (پێنجشەممە) بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 45 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 44 پلەى سیلیزى
دهۆک: 44 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 47 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 46 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 32 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 45 پلەى سیلیزى
سۆران: 44  پلەى سیلیزى
گەرمیان: 48 پلەى سیلیزى