رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی دانیشتووی جەزائیر بە کوردییەکی پاراو قسە دەکات و حەزێکی زۆری بۆ کولتوور و میوزیکی کوردی هەیە و دەڵێت؛ "لە رێگەی کەناڵی رووداوەوە فێری زمانی کوردی بووم".
رۆژی چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023 وەلید محەممەد، هاووڵاتیی جەزائیری میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە هەوار جەلالەدین و زانا کایانی پێشکێشی دەکەن و گوتی "لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی و کولتووری کوردی بووە و لە ساڵی 2008ـەوە هەوڵەکانم بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەستپێکرد و، تائێستاش بەردەوامم".
وەلید محەممەد دەڵێت "زۆربەی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەناسم و گوێ لە گۆرانییەکانیان دەگرم، ئاگاداری مێژوو و جوگرافیای گەلی کوردم و نیازیشم هەیە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خەڵکەکەی بناسم".
ئەو گەنجە جەزائیرییە دەشڵێت؛ "لە جەزائیر لەگەڵ هاوڕێکانم لەبارەی کورد و کوردستان زۆر قسە دەکەین، بەڵام بە گشتی خەڵک زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر کورد نییە، بەڵام لە رێگەی سۆشیال میدیاوە هەندێک هاوڕێی کوردم دۆزیوەتەوە و رۆژانە قسەیان لەگەڵدا دەکەم".
وەلید محەممەد لە وەسفی کورددا دەڵێت: "کورد گەلێکی رەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەن کولتوور و مۆسیقا و هونەری دەوڵەمەنده"، باس لەوەش دەکات کە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە فێری کوردی بووە و ناوی کۆمەڵێک بێژەری رووداویش دەزانێت و سڵاویان بۆ دەنێرێت.
ئەو گەنجە جەزائیرییە دەشڵێت؛ "بەردەوام سەیری کەناڵی رووداو دەکەم، سڵاو و رێزم هەیە بۆ شاهۆ ئەمین و دلبخوین دارا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ