حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتەبێژەکەی گۆڕی


رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، جووتیار عادل پۆستی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رادەستی پێشەوا هەورامانی کرد و لەمەودوا جووتیار عادل تەنیا وەکو سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا پۆستی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رادەستی پێشەوا هەورامانی کرد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ پێشەوا هەورامانی لە جێگەی جووتیار عادل وەکو گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردووە؛ پێشتر جووتیار عادل، بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و هاوکات گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو؛ بۆیە ئەمڕۆ لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەدا بە فەرمی پۆستی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەستی پێشەوا هەورامانی کرا.
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەمەودوا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەکو یەک تیم کارەکانمان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت پەیوەندییەکی تووندوتۆڵمان لەگەڵ میدیا هەبێت. هەر پەیامێکمان هەبێت بێ میدیاکان ناگاتە خەڵک و ئەگەر ئێمەش وردەکاری نەدەینە میدیاکان، لەوانەیە قورس بێت کە هەواڵی باشیان دەستبکەوێت، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ میدیاکان نزیکیمان زیاتر بێت".
 
پێشەوا هەورامانی سوپاسی گوتەبێژی پێشووی حکومەتی کرد بۆ ئەوەی ماوەی چوار ساڵ لە پۆستی گوتەبێژی حکومەتدا کاری کردووە و سوپاسی "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە متمانەی پێداوە و وەک گوتەبێژی حکومەت دەستنیشانی کردووە".