بێگەرد تاڵەبانی: بۆ ساڵی داهاتوو شەش بەنداوی دیکەمان ئامادە دەبن

05-07-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
 رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ساڵی داهاتوو شەش بەنداوی دیکەیان ئامادە دەبن کە پێکەوە توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان دەبێت؛ دەشڵێت: "بۆ گلدانەوەی ئاو پشت دەبەستین بە ئاوی باران و ئەو سەرچاوانەی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان هەن و ئەو سەرچاوانەی لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان".
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی سێشەممە 5-7-2022 سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی ئەنجامیدا و لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00 پەخشکرا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندیی دروستکردنی 25 چاڵاوی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە؛ دەشڵێت هەموو هەنگاوەکانیان بۆ ئەوەیە مەترسییەکانی وشکەساڵی کەم بکەنەوە.
 
بێگەرد تاڵەبانی پێیوایە هەموو هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان تەنیا بە حکومەت ناکرێت و، گوتی: "دەبێت خەڵکیش هاوکارمان بن، جووتیارانی خۆشەویست، ئەو خەڵکانەی کە لەناو شار و شارۆچکەکان ئاو بەکاردەهێنن، چونکە رێژەیەکی زۆری ئاوی ئێمە بەفێڕۆ دەچێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: دوێنی کۆبوونەوەیەکتان هەبوو لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوەکان و کۆمەڵێک بەڕێوەبەری دیکە، کەی وای لێدێت هەرێمی کوردستان بڵێت ترسم نابێت لەوەی وشکەساڵی بێت، چونکە بایی ئەوەندە ئاوم گلداوەتەوە دەتوانم سوودی لێوەرگرم؟ کەی وای لێدێت ئەو ئاوەی لە کوردستان هەیە سوودی لێوەربگیرێت و بەفیڕۆ نەچێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەو بابەتە بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە راستییەکەی مەترسییەکانی وشکەساڵی وردە وردە لەسەر بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتیش عێراق کە یەکێکە لەو وڵاتانەی دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە. هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق هەرچەندە دۆخی ئێمە تۆزێک باشترە لە عێراق بەوپێیەی ئێمە دەکرێت بڵێم 30٪ خەزانی ئاوی عێراقمان لەلایە، بەو پێیەی کە سێ بەنداومان هەیە، جگە لەوەش سەرچاوەی ئاوی خۆمانمان هەیە وەکو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ئەرکەی کە جەنابت باسی لێوە دەکەی، بە تەنیا ئەرکی ئەو کابینەیە نییە، چونکە بابەتی دروستکردنی بەنداو و پرۆژەی ئاودێری بۆ سەر زەوی کشتوکاڵی و هێنانی تەکنۆلۆژیای تازە بۆ پاراستنی ئاو و، شێوازی بەکارهێنانی ئاو، دەبووایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی رابردوو لانیکەم لەو ساڵانەی کە بودجەیەکی زۆری هەبووە کاری لەسەر ئەو بابەتە کردبووایە.
 
دەمەوێت یەک تۆز بگەڕێمەوە بۆ کارکردنی حکومەت لەو کاتانەدا کە بۆ نموونە بودجەیەکی زۆر لە عێراقەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان. کۆمەڵێک بەنداو کاریان تێدا کراوە، بەڵام کێشەکە لە چی بووە؟ ئەوەندە بە پەرش و بڵاوی کارەکان کراون، پارەی بۆ تەرخانکراوە بە ملیۆنەها دۆلار لە رێگەی یەک لافاوەوە هەمووی بردووە و، هاتووتەوە سەر خاڵی سفر. ئەمە کێشە بنچینەییەکەیە، ئێمە کە دەستمان بە کارکردن کرد لە کابینەی نۆیەم هاتین هەڵاوێردێکمان کرد بۆ ئەو پڕۆژانەی کە رێژەی کارکردن تێیاندا گەیشتووەتە 70-75٪ بۆ سەرەوە، جیامانکردنەوە. بە سوپاسەوە هەم بۆ جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە گرنگی بە بابەتەکە دەدەن، هەروەها بە هاوکاری سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پارە بۆ بەشێک لەو بەنداوانە تەرخانکرا کە ئێمە پێمانوابوو بە خێرایی دەتوانین کاریان تێدا بکەین و تەواویان بکەین و کارمان لەسەر کردووە. بۆ وەرزی دابارینی ساڵی داهاتوو ئەگەر ئەو پارەیەی تەرخانکراوە، ئەگەر بەردەوام بێت، کە دڵنیام بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: ئەو پارەیەی تەرخانکراوە چەند دەبێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ هەموو بەنداوەکان کە رێژەی کارکردن تێیاندا گەیشتبووە 70-75٪، 13 ملیاری تەرخانکرد. پشتیوان بە خودا بۆ ساڵی داهاتوو دەتوانین شەش بەنداو تەواو بکەین.
 
رووداو: واتە دابارینی ساڵی داهاتوو بەفیڕۆ ناچێت و بەنداوەکان ئامادە دەبن بۆ ئەوەی ئاوەکە گلبدەنەوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: پشتیوان بە خودا شەش بەنداومان ئامادە دەبێت، ئێستا سێ بەنداو تەواو بوونە، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەنداو دروستکراوە، دێوانە، چەمرگە، بەنداوی خنس، بانووی تاڵەبان و قۆرنەوەزان. بە هەمووشیان بە تێکڕا نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە.
 
رووداو: ئەمە وادەکات کە مەترسییەکانی وشکەساڵی کەم ببێتەوە لە ساڵانی داهاتوو لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی ئەو ئاماژانەی کە هەن رەنگە ساڵ بە ساڵ رێژەی بە بیابانبوون و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر ببێت.. واتە لە ساڵانی داهاتوو ئەو بەنداوانە وادەکەن مەترسیی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان نەمێنێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: هەموو هەنگاوێک بۆ ئەوەیە مەترسییەکان کەمبکەینەوە، ئێمە لە پاڵ ئەو هەنگاوە رەزامەندی دروستکردنی 25 پۆندمان وەرگرتووە، دووبارە دەڵێم سوپاس بۆ سەرۆکوەزیران کە رەزامەندی لەسەر دروستکردنی 25 پۆند لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان داوە. چاوەڕێین وەزارەتی دارایی پارەکە تەرخان بکات بۆ ئەوەی رایبگەیێنین و دروست بکرێن. جگە لەوە 10 ملیاری دیکە تەرخانکراوە تەنیا بۆ بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر. هەموو ئەو هەنگاوانەش بۆ ئەوەیە مەترسییەکان کەم بکەیەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمانداوە لەدوای جەژن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان بە یەکەوە دەرگەیەک دەکەینەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت پڕۆژەی ئاودێریی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بەو میکانزمەی کە خۆمان دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین کە ئەویش PPPیە، دوای ئەوەی کە پەسندکراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمە وادەکات کە ئێمە رێژەی بەهەدەردانی ئاویش کەمبکەینەوە.
 
هەموو هەنگاوەکانیش بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان تەنیا بە حکومەت ناکرێت، دەبێت خەڵکیش هاوکارمان بن، جووتیارانی خۆشەویست، ئەو خەڵکانەی کە لەناو شار و شارۆچکەکان ئاو بەکاردەهێنن، چونکە رێژەیەکی زۆری ئاوی ئێمە بەفێڕۆدەچێت. بڕیاریشمانداوە لەمەودوا هەنگاو بە هەنگاو، چونکە ناتوانین بارگرانیی لەسەر شانی جووتیار دروست بکەین، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئێمە رێنمایی خۆمان دەدەینە جووتیاران لە چاندنی ئەو بەروبوومانە کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، لە جۆری ئەو بنەتۆیانەی کە کە دەتوانن لە ناوچەکاندا زۆرترین بڕشتیان هەبێت، بەڵام ئاوی کەمیان پێویستە. هەموو ئەو هەنگاوانە لە پاڵ هێنانی تەکنۆلۆژیای تازە، چونکە ئێمە رامانگەیاندووە کە ئامێری پێشکەوتوو بهێنین بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەناو ئەو داواکارییانەی جووتیاران ئەوەندەی من بەدواداچوونم کردووە بەشێکی زۆری بە خۆشحاڵییەوە داوای سیستمی دڵۆپاندنی کردووە، کە ئەمە بۆخۆی بەشێکە لەوەی ئێمە بتوانین رێژەی بەهەدەردانی ئاو کەمبکەینەوە، پشتیوان بە خودا دوای جەژن ئەو بابەتەش یەکلایی دەبێتەوە لە ماوەی 90 رۆژ ئەو کۆمپانیایەی کە دیاریدەکرێت، رەزامەندی سێ وەزارەتی پێدەدرێت دەتوانێت ئامێرەکان بۆ جووتیاران بهێنێت.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا بۆ زۆربەی کۆمپانیاکان کێشەی تەرخانکردنی پارە و نەبوونی پارەی نەختینە هەبووە، بۆ ئەو پڕۆژانەی وەزارەتی کشتوکاڵ پارە ئامادەیە؟ تەنیا رەزامەندی بەسە یان دەبێت پارەکەش ئامادەبێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بێگومان دەبێت پارەکەش ئامادەبێت، تەنیا رەزامەندییەکە بەس نییە. ئێمە رەزامەندییەکانمان وەرگرتووە، بەڵام ناکرێت بێویژدانی بەرامبەر وەزارەتی دارایی بکەم، چونکە لەوانەیە یەکێک بین لەو وەزارەتانەی کە زۆر پاڵپشتی کراوین، رێژەی کارکردن لە بەنداوی گۆمەسپان کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاوی ژێرزەوی و ئاوی هەولێر هەیە، کاتێک من دەستم بەکارکرد 3٪ بوو، لە ماوەی 10 مانگی رابردوو رێژەی کارکردن لەو بەنداوە کە لەمساڵدا بڕیاردرا 10 ملیاری بۆ تەرخان بکرێت رێژەکەی گەیشتووەتە 30٪، ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، ئەگەر بێت و ساڵی داهاتووش پارەی بۆ تەرخان بکرێت و بخرێتە بەردەستی کۆمپانیای جێبەجێکار، دڵنیام بە ماوەیەکی زۆر کەم بەنداوەکە تەواو دەبێت، بۆیە ناکرێت بڵێم وەزارەتی دارایی بڕیارەکانی وەکو پێویست جێبەجێ نەکردووە، بەڵام وەک دەزانن فشارێکی زۆریش لەسەر وەزارەتی دارایی هەیە دابینکردنی مووچەیە، پێداویستیی پڕۆژەکانی دیکەیە لە بواری وەبەرهێنان کە لە وەزارەتەکانی دیکە هەیە، بە تەنیا وەزارەتی کشتوکاڵ نییە، بەڵام بەشبەحاڵی خۆم سوپاسیان دەکەم هاوکار و هاوئاهەنگن، لەوانەیە جاری وا هەیە رۆتیناتێکی زۆرتر هەبێت لە وەزارەتی دارایی لە چێککردنی نووسراوەکان و پێشخستن و پاشخستنی ئەو نووسراوانەی لە وەزارەتەکانەوە دەچن، بەڵام بە هاوکاری جەنابی وەزیر و ئەو بەڕێزانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکارین، لەگەڵمان هاوکار دەبن.
 
رووداو: جگە لەو چەم و چۆمانەی کە سەرچاوەکانیان هەرێمی کوردستانە، وڵاتانی دراوسێش سەرچاوەی سەرەکی ئەو ئاوەن کە دێتە هەرێمی کوردستان و عێراق. لەوبارەیەوە کێشەتان بۆ دروست نەبووە؟ ئەو بەنداوانەی کە دروست دەکرێن لە سەرچاوەیەکەوە ئاوی لێ گلدەدرێتەوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە پشت بە ئاوی باران دەبەستین لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی کە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان هەن، لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی کە لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گلبدرێنەوە. ئێمە دوو بەنداوی ستراتیجیمان هەیە کە 30٪ خەزانی ئاوی عێراقیان لەسەر بەندە، کە ئەوانیش بەنداوی دوکان و دەربەندیخانە کە سەرچاوەی ئاوەکەیان لە ئێرانەوەیە، بەڵێ کێشەمان بۆ دروست بووە، ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەک کە خۆم ئامادەبووم بە ئاشکرا ئەو بابەتەمان باسکردووە، ئەوانیش نیگەرانن. جگە لەوەش سەردانی ئێرانم کردووە لەگەڵ بەڕێزان لە نوێنەرایەتی دەوڵەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین، ئەوانیش پاساوی خۆیان هەیە، باس لەوە دەکەن کە ئەوانیش دووچاری وشکەساڵی بوونەتەوە و پێویستیان بە ئاوە، ئەو هاوکارییەی جاران هەیانبوو ئێستا ناتوانن بیکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بابەتێکی سەروەریشە پەیوەستە بە دەوڵەتی عێراقەوە، پێویستە لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ وڵاتی ئێران بکەوێتە سەر هێڵ، داوامانکردووە دەبێت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانشی تێدابێت بە تایبەتی وەزارەتی ئێمە وەکو لایەنی تایبەتمەند بۆ ئەوەی بتوانین لە دانوستاندنەکاندا کاری لەسەر بکەین. ئەو بەنداوانەی کە دروستان دەکەین، زیاتر هەوڵ دەدەین پشت بە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوخۆمان لەگەڵ ئاوی باران ببەستین بۆ گلدانەوەی.
 
رووداو: لە سەرەتای دەستبەکاربوونتەوە لەو کابینەیە چەندین جار بڕیارتان داوە بازاڕ بۆ بەروبوومی ناوخۆ بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی جووتیاران گەرموگوڕتر بن لەسەر کارەکانیان و ئەو ماندوبوونەشیان بەفیڕۆنەچێت. ئایا ئێستا بازاڕێکی باش بۆ بەروبوومی جووتیاران دۆزراوەتەوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەگەر بڵێم وەک وەزیرێک، وەک ستافی وەزارەت هەوڵەکانمان نەخستووەتەگەڕ، رەنگە ستەم لە خۆم و ستافی وەزارەتەکەشم بکەم. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان خستووەتەگەڕ، بۆ یەکەمجارە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات دەسەڵات دەداتە وەزارەتی کشتوکاڵ دانوستاندن بکات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ئەوەی یەک رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەبێت. ئەمەش بۆ پەیداکردنی بازاڕە، بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بازاڕان بۆ جووتیارەکانی ئێمە و بە پێچەوانەشەوە، بۆ ئەوانیش ئێمە بازاڕی سازخکردنەوەی بەرهەکانین. یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکانمان ئەوەیە کاتێک کە بەرهەمی ئەوان پێدەگات بە ئاسایی بەرهەمەکانی ئەوان دێتە بازاڕی ئێمە، بەڵام کاتێک کە بەرهەمەکانی ئێمە پێدەگات ئەوان دەروازەکانیان دەکەنەوە بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە. ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر دۆخی جووتیاری ئێمە لە هەرێمی کوردستان.
 
چەند رۆژێکە لەگەڵ جەنابی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکەین. لەنێوان هەردوو وەزارەت چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ کراوە، کە خۆم لە بەشێکیدا بە دەستی خۆم واژۆم کردووە، لیژنەی هاوبەشمان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، نەک بە تەنیا ئێمە، بەڵکو ئێمە داوامانکرد سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی هەموومان بە یەکەوە رۆیشتووینەتە عێراق بۆ ئەوە هاوئاهەنگی لەنێوانماندا دروست ببێت. بێگومان لەسەر ئەو کارە کارێکی جیددیمان کردووە، بەڵام خۆتان دەزانن بچووکترین ململانێی سیاسی کاریگەری لەسەر واقیعی پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و بەغدا و لەسەر واقیعی کشتوکاڵیش دەبێت.
 
رووداو: لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، وەزیری کشتوکاڵی عێراق باسی لەوە کرد کە ناهێڵێت ناکۆکییەکی سیاسیی کاریگەری بەسەر ئەو بابەتە هەبێت.
 
بێگەرد تاڵەبانی: منیش گوێم لێبووە، بە سوپاسەوە پیاوێکە لەگەڵ ئێمە لێکتێگەیشتنی باشی هەیە، بەڵام من وایدەبینم هەموو دەسەڵاتەکانیش لەلای ئەو نییە، ئەگەر سەیر بکەن ئەو بڕیارانەی ئێستا دەردەچن هەموو ئەو دەسەڵاتانە پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەریان بکات، بەڵام ئێستا لیژنەیەکی باڵا پێکهێندراوە. من بەلامەوە سەیرە ئەو لیژنەیە بڕیار لەسەر کۆمەڵێک بابەت دەدات کە تەواو لە دەسەڵاتی وەزیری کشتوکاڵە.
 
رووداو: پێتوایە پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتی ئەو باتەوە هەیە؟ ئەو گرفتە سیاسییانەی کە هەن کاریگەرییان هەیە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵی کاریگەری هەیە، جگە لەوە بە تەنیا کارمان لەسەر بازاڕی عێراق نەکردووە، ئێستا لەو کاتەدا لە نووسینگەی جەنابی سەرۆکوەزیران کە نوێنەری ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک جووتیار کار لەسەر بە بڕاندکردنی هەندێ بەرهەمی ناوخۆیی دەکەین لە هەناری هەڵەبجەوە دەستمان پێکردووە لەگەڵ ئیماراتییەکان، دواتر کۆمەڵێکی دیکە دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان بەشی پێداوستی بازاڕی خۆمان بەرهەممان زیاتر هەیە.
 
جگە لەوە، ئێمە لەگەڵ گەورەترین سەنتەری هۆڵەندی WHC ئێستا هاوبەشیمانکردووە بە یەکەوە، لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە مانگی 9 لێرە دەستبەکار دەبن، نزیکەی 106 کۆمپانیان کە کۆمپانیای زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی تێدایە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ سەرمایەگوزاری، بۆ ئەوەی لێرە پێکەوە کار بکەین لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنان، بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای تازە لە هەمان کاتیشدا بردنەوەی بۆ ناو بازاڕی یەکێتیی ئەوروپا، وەک دەزانن ئێستا لە هەموو دونیادا کاریگەری شەڕی رووسیا و ئۆکراینا قەیرانێکی گەورەی لەسەر بەرهەمی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی ئەوروپا دروستکردووە، بۆیە دەبێت ئێمە ئەو هەلانە بقۆزینەوە ئێرەش وڵاتێکی کشتوکاڵییە. پێموایە ئەگەر بتوانین رۆتینات کەمبکەینەوە و ئاسانکاری زیاتر بکەین، بە سنگێکی فراوانتر لە بوارەکە بچینەوە پێشەوە لەگەڵیان، پێموایە دەتوانین بەڵێ دەرگەی زۆر گەورە بەسەر هەرێمی کوردستاندا بکەینەوە.
 
رووداو: هەناری هەڵەبجە کەی دەبێتە براندێکی جیهانی؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئومێد دەکەم بۆ ئەمساڵ لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکە، ئێستا خەریکی توێژنەوە و هاوئاهەنگین لەگەڵ ئەو باخانەی کە بەرهەمەکانیان باشە، خەریکی ئەوەین لە رێگەی تاقیگەی پشکنین بەپێی پێوەرەکانی ئەو وڵاتە، هیچ وڵاتێک بەپێی پێوەرەکانی خۆمان بەرهەممان لێ وەرناگرێت، هەموویان بۆخۆیان کۆمەڵێک پێوەریان هەیە، بەپێی ئەو پێوەرەی خۆیان دەیانەوێت، لەڕووی کوالیتیی، شێوەکەی، شێوازی پاکێجکردنەوە، چۆنیەتی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی و ماددە قڕکەرەکانەوە، هەموو ئەمانە بنەمان بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵەت لەگەڵ بکات. ئێمە دەبێت بەپێی پێوەرەکانی ئەوان مامەڵە بکەین تاوەکو بتوانین باشترین بەرهەم بە ناونیشانێکی کوردی جوان بنێرینە ئەو بازاڕانە بۆ ئەوەی کڕیاریان بۆ پەیدا ببێت.
 
رووداو: چۆن وادەکەن فێڵی تێدا نەکرێت، ساڵانی رابردوو گلەییەک هەبوو هەندێک هەنار رەوانەی بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا کرابوو، هەناری دیکە تێکەڵ بە هەناری هەڵەبجە کرابوو، چۆن وادەکەن ئەمە روونەدات؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە دوای ئەوەی ئەو بابەتەمان بیستەوە بۆ ئەوەی ناونیشانی هەرێمی کوردستان و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانمان لەناو بازاڕەکانی دونیادا ناونیشانی کوالیتییەکی خراپ وەرنەگرێت، کۆمەڵێک بنەمامان دانا، ساڵی رابردوو ئەو بنەمایانەمان راگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ ئۆکەی نەداتە هەر کۆمپانیایەک دوای ئەوەی پشکنینی بۆ دەکرێت و ستیکەری تایبەتی لێدەدرێت لە جۆری بەرهەمەکە و هەموو تایبەتمەندییەکان بۆ ئەوەی کەسێکی ئەوروپی بە مۆبایلەکەی لە رێگەی ئەو بارکۆدەی لەسەری دادەنرێت، بزانێت لەکوێوە هاتووە چ رۆژێک لێکراوەتەوە، سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکەی بکەوێتە بەردەست. ئێمە دەمانەوێت بەو شێوەیە بەرهەم بنێرین، بۆیە ئەو میکانزمەمان داناوە. هەر کۆمپانیایەک بیەوێت بەرهەم ببات تاوەکو ئێمە چێکی بەرهەمەکەی نەکەین و لە پشکنین دەرنەچێت و رەچاوی پێوەرەکانی ئەو وڵاتە نەکەین کە بۆی دەنێرین.. رێگە نادەین ئەو بەرهەمە بڕوات. ئەمەش بۆ ئەوە نییە کێشە دروست بکەین لەبەردەم رۆیشتن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئەو بەرهەمەی دەڕوات بە ناوبانگێکی گەورەوە بڕوات و کڕیاری گەورەتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.
 
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوو دامەزراندنی بەشی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەریتان راگەیاند، وردەکاریی ئەو بابەتە چییە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەم بابەتە لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان لەو کابینەیە راستییەکەی رەچاوی ئەوەمان کرد، کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵیمان هەیە لەو وڵاتە، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان زۆرن لە کۆمەڵێک بواردان، چ لە بواری پەلەوەری و ئاژەڵی، چ لە بواری خانووی پلاستیکی و باخداری، لە هەموو رووەکانەوە کۆمەڵێک پڕۆژەمان هەیە، بەڵام ئەو پڕۆژانە لە رابردوودا بۆ نموونە کەسێک لە کەرتی گشتیدا کاری کردووە، هەر ئەو کەسە لە چەند پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتیش سەرپەرشتیار بووە، ئەمە وایکردووە کەسێک بتوانێت لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێک سوودمەند بێت، بەڵام ئەو دەرچووانەی کە زانکۆکان تەواو دەکەن لە ماڵەوە دەکەوتن و بێکار دەبوون، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە لە چوارچێوەی یاسایەکدا بابەتی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە کەرتی تایبەت رێکبخەینەوە، بە سوپاسەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەگەڵمان لەسەر هێڵ بوون، توانیمان ئەو یاسایە دەربچووێنین، بێگومان بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان، پاشان رێنماییمان بۆ دەرکردووە، ئەو بابەتە بۆ هەموو ئەو دەرچووانەی بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتەرنەری کە دەرچوونە و دانەمەزراون، بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕییەکانیان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەلی کاریان بۆ دەدۆزینەوە، بێگومان دوای ئەوەی خولێک دەبینن لەسەر چۆنێتیی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەناو یاسایەکەشدا ماددەیەکمان جێگیر کرد کە ئەوان یاسای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بۆ دەستەبەری بۆ ئەوەی خانەنشینییان بۆ بکرێت.
 
رووداو: سەرەڕای ئەو هەموو کارە باشانەی کە کردووتانە لە وەزارەت، بەڵام چاوی رەخنەشتان لەسەرە. بۆ نموونە مامۆستا عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، کە خۆشی لە کابینەی پێشوو وەزیری کشتوکاڵ بوو، زۆرجار باسی ئەوە دەکات لەو کابینەیە بەفیڕۆدانی زەوی کشتوکاڵی زۆر بووە، کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی و کردنی بە پڕۆژەی دیکەی نا کشتوکاڵی. ئەمە تاوەکو چەند راستە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: من رێزم هەیە بۆ جەنابی مامۆستا عەبدولستار کە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵە لە پەرلەمانی کوردستان. من پێمخۆشە پێش ئەوەی هەر بەڕێزێک لە هەرشوێنێک کە قسەیەک دەکات لەڕووی پەیڕەویشەوە ئەرکی جەنابیانە پێش ئەوەی زانیارییەک بداتە میدیا، بێت لە وەزارەتەکە پرسیار بکات، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا جەنابیان نەهاتووەتە وەزارەتی ئێمە بە داتا و ئامار قسەمان لەگەڵ بکات. من تەنیا یەک داتا دەخەمە بەر دەستی ئێوە و ئەوانەی لەڕێگەی ئێوەوە گوێیان لێمانە، ئەویش ئەوەیە تەنیا لە کابینەی رابردوو بەپێی هەموو ئەو بەڵگانەی لە وەزارەت لەبەردەستمە کە مامۆستا عەبدولستار خۆی وەزیری کشتوکاڵ بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرووی 25 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کوژاوەتەوە بۆ پرۆژەی نا کشتوکاڵی بە فەرمانی جەنابیان. لەو کابینەیەدا تاوەکو ئێستا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو بە فەرمانی نەک من وەکو وەزیر، بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو پرۆژانەی کە زۆر پێویستن ئەنجام بدرێن، تەنیا سێ هەزار دۆنم زەوی کوژێندراوەتەوە.
 
رووداو: ئەو پڕۆژانەی لە کابینەی پێشوو کوژێندراونەتەوە پێویست نەبوون؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بابەتی کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بە یاسا رێکخراوە، بە یاسا ئەو دەسەڵاتە دراوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ کاتێک کە سنووری شارەوانییەکان فراوان دەبێت، بە یاسا دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ تەرخانکردن بکات کوژاندنەوە بکات، هەموو بەپێی یاسایە، بەڵام ئێمە لەو کابینە زۆرترین جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت سوود لە زەوی سەخەری-بەردەڵان وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نا کشتوکاڵی، بەڵام کاتێک لە سنووری شارەوانی، شارێک فراوان دەبێت ناچارم مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکەی وەزارەتی شارەوانی بکەم. ئێستا زۆر باسی دروستکردنی شوقە و باڵەخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێت، هیچی لەسەردەمی مندا نەکراوە، هیچ لەو کابینەیە نەکراوە، هەمووی تەرخانکردنەکان لە کابینەکانی رابردووە.
 
رووداو: واتە ئەوە راست نییە لەسەردەمی ئێوە زەوی کشتوکاڵی بەفیڕۆ درابێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بە هیچ جۆرێک، ئەگەر سەیری ژمارەکە بکەی، سەرووی 25 هەزار دۆنم لەگەڵ سێ هەزار دۆنم جیاوازییەکەیان چەند زۆرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە