رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیانی زۆری لێکەوتەوە، مۆڵ دووکان و کارگە سووتان، بەرگریی شارستانیی سلێمانییش دەڵێ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سلێمانی تۆمارکراون.
نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە میانی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی رووداو رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوو 1379 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بچووک و گەورە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون و بەهۆیانەوە 5 کەس برینداربوون.
رێکان جەمال گوتیشی، بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەمتر بووە و هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرەوە گیانی لەدەستنەداوە.
لەبارەی هۆکارەکانی زۆربوونی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە.
جگە لە نێو شار لە دەشتیشدا ئەو رووداوانە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بوون، ملیۆنێک دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی شەڕی تورکیا و پەکەکەش 12 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچە سنوورییەکان بە هەمان شێوە سووتاون.
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی هاویندا زیاتر لە ناوچە کشتوکاڵی و شاخاوییەکاندا روو دەدەن کە دەبنە هۆی سووتانی دارستان و پاوانەکان. هاوکات هەندێکجاریش بەهۆی شۆرتی کارەباوە لەناو شارەکاندا ئاگر لە شوێنە گشتی و بازرگانییەکان دەکەوێتەوە.
بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر و شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون کە تەنیا ئەمساڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 30 هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون، هەروەها بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاش زیاتر لە 12 هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان لە ناوچە سنوورییەکان سووتاون.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، چەند هۆکارێکی بۆ ئاگرکەوتنەوەکان دەستنیشانکردووە، لەوانە، خەمساردی تاک و رەچاونەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، شۆرتی کارەبا و خراپیی کوالێتی ئامێر و پێداویستییەکانی کارەبا، خراپیی کوالێتی بەنزین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بۆردوومانەکانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ