رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەرگای تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوەتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ بڕیارێکی نەداوە لەبارەی کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانێتی و بەربژێرەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هیچ وادەیەکیشی دیاری نەکردووە."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانێتی و بەربژێرەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە و ئەنجوومەنەکەش لەو بارەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە."
لەبارەی کردنەوەی دەرگەی تۆمارکردن بەڕووی هاوپەیمانێتییەکاندا، دوێنێ سێشەممە د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییەکی تەواوین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیار لە خشتەی کاتی هەڵبژاردن دراوە، بڕیارە لە 5ی حوزەیرانەوە دەرگەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت."
هەیمان تەحسین گوتیشی، "ئێستا چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانین تاوەکو مەرسووم دەربکات بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ