کەی ئەو شوقانە تەواو دەبن هاونیشتمانیان فۆڕمیان بۆ وەرگرتنیان پڕکردووەتەوە؟

05-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە چوار مانگ تێپەڕیوە بەسەر پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ ئەو شوقانەی بەشێکیان تەواو بوون و بڕیار بوو بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروستبکرێن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ چارەنووسی تەواوبوونیان نادیارە. بودجەی ئەم ساڵی عێراق پەسند کرا و بڕیارە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ئەو بودجە بگات کار لە شوقەکاندا دەکەن.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی ئۆنلاینەوە راگەیاند؛ دوای چەند جارێک درێژکردنەوەی کاتەکە، دوایین کات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە 1ی شوباتی 2024 بوو.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 60 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام نزیکەی 26 هەزاریان کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە و فۆڕمەکەیان بە دروست پەسند کراوە."
 
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیارە بۆ کەمدەرامەتەکان دروستبکرێن 9004 شووقەیە و زۆرینەی کارەکانیان تەواو کراوە؛ 1356یان لە هەولێرن، لە سلێمانی 3876، لە دهۆک 2116، هەڵەبجە 192، ئیدارەکانی گەرمیان 360، راپەرین 420، زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە. بەشێکیان 95%ی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13%، تەواوکردنی کاری سەرجەم شووقەکان پێویستی بە 267 ملیار دینارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش کرد، دوای راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بە بەغدا، بۆ تەواوکردنی شوقەکان چاوەڕوانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانن لە عێراقەوە.
 
لە یاسای بودجەدا کە 3ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان چوار تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، بەڵام لەو بڕە 2 تریلیۆن و 700 ملیاری تایبەتە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. توانا بەشیر گوتی، لەگەڵ گەیشتنی بودجەکەدا کارکردن لە شوقەکان دەستپێدەکەن.
 
رۆژی 8ی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی، "پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2012ی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆر پڕبکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.