حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پێداویستی بۆ نڤیشکانانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات

ئەو پێداویستییانەی سوودانی بۆ نڤیشکانانی هەرێمی کوردستانی ناردووە
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پێداویستی بۆ نڤیشکانانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
 
ماوەیەک لەمەوبەر شاندێکی نڤیشکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو، لەوانەش هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ نڤیشکانانی عێراق.
 
ئەوان لە رێگەی نووسراوێکیشەوە داوای دابینکردنی هەندێک کەلوپەل و پێداویستییان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق کە نووسراوەکەی داوەتە محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دابینکردنی هەندێک پێداویستیی بە نڤیشکانان دا و دوێنێش بە دوو کاروان کەلوپەلەکان گەیشتنە شاری سلێمانی، بەڵێنی داوە هاوکاریی دیکەشیان بۆ دابین بکات.
 
سۆران عومەر دەڵێت، "دیارییەکەی سەرۆکوەزیران پارە نییە، بەڵکو کەلوپەل و پێداویستییە، کە بریتییە لە 500 گۆچانی نابینایان، 140 کورسی بۆ پەککەوتووان و 250 بیستۆک بۆ نابیستان."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی گوتی، ئەمڕۆ لەگەڵ رێکخراوەکانی نڤیشکان کۆدەبنەوە بۆئەوەی کەلوپەلەکان بەسەر نڤیشکانان دابەش بکەن.