وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکە لەلایەن سایلۆ و ناوەندەکانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمەوە دەستیپێکردووە.
 
لەو چوارچێوەیەدا لە دوو ناوەندی مێلەبییێ و غوێران لە شاری حەسەکە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت. لە ناوەندی مێلەبییێ لە باشووری شاری حەسەکە، گەنمی جووتیاران بە فەردە وەردەگیرێت و لە ناوەندی غوێران، بەرهەمەکە بە بارهەڵگر وەردەگیرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژانە لەو دوو ناوەندە 20 تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
 
پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
 
بۆ ئەم ساڵ نرخی یەک کیلۆ گەنم بە 31 سەنت دیاریکراوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 12 سەنت کەمترە.
 
پار، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەک کیلۆ گەنمی بە 43 سەنت لە جووتیاران کڕی.
 
جووتیارانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەو نرخە ناڕازین و تائێستا چەندین خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان کردووە.