سەرۆکی شارەوانیی جورنێ رەش فەرمانی دەستبەکاربوونی پێدرا

رووداو دیجیتاڵ  

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ سەرهان پایداش، بەربژێری براوەی دەم پارتی، وەک سەرۆکی شارەوانیی دووبارە هەڵبژێردراوی قەزای جورنێ رەش لە رووهای باکووری کوردستان دەرکرد. 
 
بەهۆی قبووڵکردنی تانەی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سێ قەزا و چوار ناحیەی باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە، رۆژی 2ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردن لەم حەوت ناوچەیە دووبارەکرایەوە.
 
سەرهان پایداش، بەربژێری دەم پارتی دووبارە بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی شارەوانیی جورنێ رەش لە رووها هەڵبژێردرایەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی حوزەیرانی 2024 دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، فەرمانی دەستبەکاربوونیان پێ دا. 
 
لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا، سەرهان پایداش و گاریب یەشیل وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی قەزای جورنێ رەش لەلایەن بەکر کاراکەچیلی، هاوسەرۆکی لقی رێکخستنەکانی رووهای دەم پارتی ناسێندران و پیرۆزباییان لێکرا. 
 
رۆژی 2ـی حوزەیران، هەڵبژاردن لە شارەوانییەکانی جورنێ رەشی رووها، پنارباشی قەیسەری، گوزەلیورت و ساغلکی ئاکسارای، یڵدز ئەلی سێواس، لولە بورگازی کرکلارئەلی و مێزگری دێرسم کرایەوە
 
لە قەزای جورنێ رەش 27 هەزار و 686 کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەبوو. سەرهان پایداش، بەربژێری دەم پارتی، 10 هەزار و 730 دەنگ وئەسڵان عەلی بایک، بەربژێری ئاکپارتی، حەوت هەزار و 420 دەنگی بەدەستهێنا.
 
بەمەش، بەربژێری دەم پارتی بە جیاوازی سێ هەزار و 310 دەنگ دووبارە بە سەرۆکی شارەوانی ئەم شارۆچکەیە هەڵبژێردرایەوە. لە هەڵبژاردنی رۆژی 31ـی ئاداردا بەربژێری دەم پارتی تەنیا 521 دەنگی لە بەربژێرەکەی ئاکپارتی زیاتر بوو.