وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی دوو هەزار لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بڵاوکردەوە، بریکاری وەزارەت دەڵێت :"لەپێناو نەفەوتانی پارەی خوێندکارانە".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی دوو هەزار و 163 زانکۆی لە جیهاندا بڵاوکردەوە کە لەلایەن وەزارەتەکەوە دانپێدانراو و باوەڕپێکراون، لیستەکە لەلایەن فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی یەکسانکردنی بڕوانامەکانەوە ئامادەکراوە.
 
لیستەکە بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە دەیانەوێت لە دەرەوەی عێراق درێژە بە خوێندن بدەن و دواتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان کێشەیان بۆ دروست نەبێت.
 
لیستى نوێى زانکۆکان دابەشکراوە بەسەر دوو ئاست و پشت بە دوو پێوەرى ئەکادیمى نێودەوڵەتى دەبەستێت، کە بریتین لە پێوەرى شەنگهاى و تایمز.
 
وەزارەتەکە دوو خاڵیشی دیاریکردووە کە پێویستە ئەو خوازیارانەى دەیانەوێ لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، رەچاوی بکەن، ئەوانیش:  
 
1- لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2024ەوە کاری پێدەکرێت.
 
2- ئەو کەسانەى کە لە ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن و دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان کار بکەن، پێویستە بە هەمانشێوە لە رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2024ەوە پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.
 
د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحموود، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لیستەکە بۆ ئەوەیە ئەو خوازیارانەی دەیانەوێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن کێشەیان بۆ دروست نەبێت، بتوانن مۆڵەت وەربگرن، مۆر لە مامەڵەکانیان بدرێت، جگە لەوە کە دێنەوە کێشەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان نەبێت."
 
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەڵبژاردنی ئەو زانکۆیانە لەسەر بنچینەی ریزبەندییانە لەنێو باشترین زانکۆکانی جیهان و مەبەست لە لیستەکە بۆ ئەوەیە خوازیاران زیانیان بەر نەکەوێت."
 
لینکی ناوی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە: کلیک بکە