رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەکات بەبۆنەی بردنەوەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکوەزیران بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە.
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هیوادارین پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ هیندستان لە گەشەی بەردەوامدا بێت."
چوارشەممە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2024ـی هیندستان راگەیێندرا و تێیدا دەرکەوت، پارتی باهاراتیا جەناتا، پارتەکەی مۆدی براوەی هەڵبژاردنەکەیە.
پارتەکەی مۆدی پارتێکی نەریتخوازە و زۆرینە هیندۆسە، 44 ساڵ لەمەوبەر لە هیندستان دامەزراوە و 10 ساڵە پارتی زۆرینەی هیندستانە. ئەمە سێیەم جارە نارێندرا مۆدی دەبێتەوە سەرۆکوەزیران؛ بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی، دەبێت هاوپەیمانی پێکبهێنێت. پەرلەمانی هیندستان لە 543 کورسی پێکدێت؛ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 272 کورسییە. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی باهاراتیا جاناتا 240 کورسی بردووەتەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 63 کورسی لەدەستداوە. کۆنگرەی نیشتمانیی هیندستان 99 کورسی بە دەستهێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 47 کورسی زیادکردووە.
رۆژی 19-04-2024 لە هیندستان گەورەترین هەڵبژاردنی جیهان دەستیپێکرد و ملیۆنان کەس چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکە 44 رۆژی خایاند و بە حەوت قۆناخ تەواو بوو؛ رۆژی 01-06-2024 دوایین رۆژی دەنگدان بوو. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هیندستان، رۆژی 04-06-2024 پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی دەستپێکرد.
رۆژی دووشەممە 03-06-2024 راجیڤ کومار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان گوتی: "ریکۆردی جیهانیمان شکاندووە، 642 ملیۆن کەس لە هیندستان دەنگیان داوە، ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ هەموومان."
کومار گوتیشی: "ئەمە پیشاندانی هێزی دەنگدەرەکانی هیندستانە، دەبێت خەڵک لەبارەی هێزی دیموکراسییەتی هیندستانەوە بزانن."
بە گوێرەی کۆمیسیۆنی هیندستان، 968 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 66.3 ٪ دەنگیان داوە و ئەمەش لە ژمارەی دەنگدەرەکانی 2019 کەمترە. ئەوەی کۆمیسیۆن بەدڵخۆشییەوە باسیدەکات: "هیچ رووداوێکی گەورەی تووندوتیژی لەماوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا نەبووە."
1444 پارت و هاوپەیمانی بەشداریانکرد، کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە بۆ بەدەستهێنانی 543 کورسیی پەرلەمان بوو کە بە (لۆک سابا) ناسراوە و 968 ملیۆن کەس، واتە ٪70ـی دانیشتووانی هیندستان مافی دەنگدانیان هەبوو. بەگوێرەی دەستووری هیندستان، نابێت کورسییەکانی لۆک سابا لە 552 کورسی زیاتر بێت.
پێش ئەو هەڵبژاردنە، ریکۆردی گەورەترین و بەربڵاوترین هەڵبژاردنی جیهان لە ساڵی 2019 هەر لە هیندستان بوو، کە ئەوکات 912 ملیۆن کەس دەنگیان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ