کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: خەرجیی ئاوارەکان ساڵانە 1.8 ملیار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 63 هەزار ماڵباتی ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک دەژین، 25 هەزاریان لەنێو 20 کامپدان کە 92%یان کوردی ئێزدین. 15 کامپ تایبەتن بە ئاوارەکانی شنگال و 5 کامپیش تایبەتن بە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان. 37 هەزار و 800 خێزانی ئاوارەش لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین.
چوارشەممە 05-06-2024 پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی وێرانبوونی شنگال کە زیاتر 80%یە، ئاوارەکان بە کەمی دەگەڕێنەوە؛ "بەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراق، هەر ماڵباتێک بگەڕێتەوە، بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدرێت، بەڵام بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە وێرانکراوەکانیان، لانیکەم پێویستیان بە 20 ملیۆن دینارە."
ئێستا حکومەتی عێراق هەموو هاوکارییەکی کامپی ئاوارەکانی راگرتووە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، "گرتنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەوەیە ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە بکرێن."
ئێستا خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئاو، کۆکردنەوەی زبڵ، تەندروستی و پەروەردە کەوتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی پیر دەیان پیر جەعفەر، "ساڵانە یەک ملیار و 838 ملیۆن دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت."
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی، دەبێت تاوەکو 30-07-2024 سەرجەم کامپەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێن و ئاوارەکان دوای وەرگرتنی قەرەبوو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمەش ناڕەزایەتیی ئاوارەکانی شنگالی لێکەوتووەتەوە.
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە هەزاران کوردی کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەکانی هەرێمى کوردستان هێنا. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانکردنی قەزاکە.