پارێزەری شوان ئادەم: تانە لە بڕیاری دادگا دەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە دادگای سلێمانی بڕیاری سێ‌ مانگ زیندانیكردن بۆ د. شوان ئادەم، مامۆستا زانكۆی هەڵەبجە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی ناوی كچە ‏هونەرمەندێك دەرچوو، پارێزەری مامۆستاكەی زانكۆ دەڵێت، "تانە لە بڕیارەکە دەدەین". سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش ‏دەڵێت، "دەمانزانی دۆسیەكە دەدۆڕێنین."
 
كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەرەتاوە هاوكاریی دۆسیەكەی د. شوان بوون ‌و گوتیشی، "دەمانزانی دۆسیەكە دەدۆڕێنین، چونكە ‏دەبوو بە پیت ناوی ئەو كچە هونەرمەندە بهێندرایە، نەوەك راستەوخۆ ناوی بهێندرێت‌؛ ‏بۆیە دواجار دادگا دژی د. شوان بڕیاریدا ‌و بەبێ‌ جێبەجێكردن سێ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند."
 
كارمەند مەحموود، پارێزەری د. شوان لەبارەی هەمان دۆسیە قسەی بۆ ‏رووداو كرد ‌و گوتی، ئەوەی د. شوان كردوویەتی "دوورە لە ‏ناوزڕاندن؛ بۆیە بڕیارەكەی دادگا لە دادگای پێداچوونەوە تەمیز دەكەینەوە."
 
رووداو پەیوەندیی بە د. شوانەوە كرد، بەڵام قسەی پارێزەرەكەی بە تەواو ‏زانی و ئامادە نەبوو هیچ شتێكی دیكە بڵێت.
 
پێنج ساڵ لەمەوبەر لە پرسیاری تاقیكردنەوەی خوێندكارانی راگەیاندن لە ‏زانكۆی هەڵەبجە د. شوان ئادەم لە یەكێك لە پرسیارەكاندا ناوی كچە ‏هونەرمەندێكی هێناوە؛ لەسەر ئەوەش كچە هونەرمەندەكە سكاڵای لەسەر تۆمار كردبوو.‏