بودجەی عێراق بەبێ نەوتی هەرێمی کوردستان 10 ملیار دۆلار کورتدەهێنێت

06-06-2023
هەستیار قادر
بودجەی عێراق بەبێ نەوتی هەرێمی کوردستان تووشی کورتهێنانی زیاتر دەبێت
بودجەی عێراق بەبێ نەوتی هەرێمی کوردستان تووشی کورتهێنانی زیاتر دەبێت
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا 117 ترلیۆن دینار لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوت دانراوە، بۆیە پێویستە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ساڵێکدا، دەبێتە هۆی ئەوەی بودجە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبێت.
 
وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوتى ئەندامى ئۆپێک پڵەس لە ڤیەنناى پایتەختى نەمسا کۆبوونەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر سنوورداکردنى بەرهەمهێنانى نەوت درا. عێراق خۆبەخشانە بۆ ساڵى 2024، رۆژانە بەرهەمهێنانى 211 هەزار بەرمیل نەوتى کەمکردەوە. ئەو کەمکردنەوەیەش بۆ نێوخۆى عێراق کێشەیە چونکە بۆ دەستەبەرکردنى بودجە، عێراق پێویستى بە هەناردەى زیاترى نەوتەکەیەتى. 
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، دەبێت عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات بۆ ئەوەى 117 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوت دەستەبەر بکات، لەکاتێکدا ئێستا هەناردەى نەوت لە باشترین دۆخیدا دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا؛ بەو پێیەش بەبێ هەناردەکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لە هەرێمى کوردستانەوە، بودجەى عێراق ساڵانە دووچارى زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کورتهێنان دەبێت.
 
بەغدا و هەولێر رێککەوتنى سەرەتاییان لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە، کە زیاتر لە 70 رۆژە راگیراوە. 
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێ "ئێمە، پەیوەستین بەو پشکەى بەرهەمهێنان کە ئۆپێک دیاریدەکات، ئەو پشکە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا؛ بەرهەمهێنانى نێوخۆیی کە بۆ پاڵاوگە و وێستگەکانى کارەبا دەنێردرێت، بەشی دووەمى هەناردە دەکرێت، هەناردەى نەوتى عێراق دەتوانێت بودجەى ئەو سێ ساڵە پڕبکاتەوە، ئەمەش لەدواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک".
 
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و چۆنیێتى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى، کرۆکى کێشەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتییە کە بەهۆیەوە پەسندکردنى لە پەرلەمانى عێراق دواکەوتووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و بازرگانى و پیشەسازى پەرلەمانى عێراق دەڵێ "ئەگەر هەرێمی کوردستان، یاخود عێراق نەیتوانی لەگەڵ تورکیا ئەم گرفتە چارەسەر بکات و نەوتی هەرێم بەڕێگەی بەندەری جەیهان نەڕواتەوە، دەبێت بیر لە جێگرەوە بکاتەوە، یان رێڕەوی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. هەرێمی کوردستان بەرپرس نییە لە کورتهێنانی بودجەی عێراق، لەکاتێکدا رێگەی بەندەری جەیهان نەکرابێتەوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم، بۆیە هەموو بەرپرسیارییەتیی کورتهێنانەکە لە ئەستۆی عێراقە و، دەبێت ئەو لە فرۆشی زیادەی نەوت پڕیکاتەوە، نەوەک لە بەشە بودجەی هەرێم کەمی بکاتەوە".
 
پێویستیى عێراق بە هەناردەکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، بەگوێڕەى گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی لە پڕۆژەیاساى بودجە، ئەو بڕە نەوتە بەئاڕاستەى بەکارهێنانى نێوخۆیی براوە، لەبرى هەناردەکردنى بۆ دەرەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

نەوتی کوردستان لە کەمتر لە 7 ساڵدا؛ 52 ملیار دۆلار داهات و 5 ملیاریش خەرجیی گواستنەوە

بەپێی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەماوەی کەمتر لە 7 ساڵدا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 52 ملیار و 552 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ خەرجی گواستنەوە رۆیشتووە.