توونێلی دەربەندیخان بۆ زیاتر لە هەفتەیەک شەوانە دادەخرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان دەڵێت، لەمشەوەوە بۆ زیاتر لە هەفتەیەک لە کاژێر 08:00ـی شەو تاوەکو 07:00ـی بەیانی توونێلی دەربەندیخان بەڕووی سەرجەم شوفێراندا دادەخرێت.
 
رۆژی دووشەممە 05-06-2023 جاسم عەلی خان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی چاکسازی لە کارەبای هێڵی 11ـی ناوچەی شارەزوور لەنێو توونێلی دەربەندیخاندا، لەمشەوەوە بۆ زیاتر لە هەفتەیەک لە کاژێر 08:00ـی شەو تاوەکو 07:00ـی بەیانی توونێلی دەربەندیخان دادەخرێت".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان، رۆژانە لە کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ 08:00ـی شەو، هاتووچۆ لە توونێلەکە ئاسایی دەبێت و شوفێران دەتوانن هاتووچۆی پێدا بکەن، دەشڵێت، "کە رێگەکە داخرا، شۆفێران دەتوانن رێگەی سەرشاخی بەرانان بەکاربهێنن، بەڵام بارهەڵگرەکان رێگەیان پێنادرێت سەرشاخی بەرانانیش بەکاربهێنن".
 
جاسم عەلی خان، لەبارەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان گوتی، "باشتر وایە بە رۆژ کارەکانیان بکەن و لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بۆ 07:00ـی شەو هاتووچۆی خۆیان بەنێو توونێلەکەدا بکەن. ئەگەر دوای 08:00ـی شەو کاریان هەبوو، پێویستە لە دیوی بانی خێڵان رێگەی سەنگاو بەکاربهێنن و لەوێوە بگەنە سلێمانی، نەک دەربەندیخان".
 
لەبارەی کاتی کردنەوەی توونێلی دەربەندیخان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان گوتی، "هەوڵدەدەین بە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ کارەکانی نێو توونێلەکە تەواو بکەین".