گەنجێکی زاخۆ دوای حەوت رۆژ لە ونبوونی 'بە برینداری گەڕایەوە ماڵەوە'

 
رووداو - زاخۆ

دوای حەوت رۆژ لە ونبوونی گەنجێکی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چارەنووسی ئاشکرا بوو و برایەکی دەڵێت، "بە برینداری گەڕاوەتەوە ماڵەوە."
 
کاژێر 07:00ی ئێوارەی رۆژی 29ی ئایاری 2023، گەنجێکی تەمەن 38 ساڵ بەناوی عەزیز زەینەلعابدین ئیبراهیم، کە شۆفێری تاکسییە، ونبوو؛ دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی، تاکسییەکەی لە دەرەوەی سەنتەری زاخۆ دۆزرایەوە. کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو، ئەو گەنجە بە برینداری گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
 
ئیبراهیم زەینەلعابدین، برای ئەو گەنجە بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، رۆژی 29ی ئایار کەسێک تەلەفۆنی بۆ براکەم کرد و کاژێر 07:00ی ئێوارەی هەمان رۆژ تەلەفۆنەکەی داخرا و ونبوو. هەر زوو هێزە ئەمنییەکانی زاخۆمان ئاگادار کردەوە و دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی براکەم، تەکسییەکەیمان لە دەرەوەی سەنتەری زاخۆ لە چۆڵەوانییەکدا دۆزییەوە."
 
لەبارەی گەڕانەوەی براکەی بۆ ماڵەوە، برای ئەو گەنجە گوتیشی، "کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو براکەم بە برینداری و لێدراوی گەڕایەوە ماڵەوە، بێتاقەت بوو، توانای قسەکردنی نەبوو، تەنیا ئەوەی گوت کە بۆ ماوەی حەوت رۆژ، لەلایەن چەند کەسێکەوە لێیدراوە، هێزە ئەمنییەکان بردبوویانە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێریدایە."
 
براکەی عەزیز داوای مافی براکەی دەکات و داواش دەکات، ئەو کەسەی رۆژی ونبوونی براکەی تەلەفۆنی کردووە ئاشکرا بکرێت و ئەو باندەی لەو حەوت رۆژەدا لێیانداوە، دەبێت ئاشکرا بکرێن و مافی براکەی ون نەبێت.
 
عەزیز زەینەلعابدین 10 ساڵە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و دانیشتووی سەنتەری زاخۆیە، هەشت ساڵە شۆفێری تاکسییە.