شارەزایەکی فەلسەفەی ئەخلاقی ئیسلامی لە رووداو سپەیس: نابێت تووندوتیژیی دژی هاوڕەگەزخوازان بکرێت

05-06-2022
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
نیشانەکردن رووداو سپەیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چالاکڤانێک لە سلێمانی پێی وایە "هاوڕەگەزخوازیی نامۆ نییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام چۆنییەتیی تێگەیشتنی خەڵک بۆ بابەتەکە هەڵەیە." شارەزایەکی فەلسەفەی ئەخلاقیی ئیسلامیش دەڵێت، بابەتەکە نامۆیە و لە کوردستاندا نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نییە تووندوتیژیی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان بکرێت.
 
لە سپەیسی رووداو لە تویتەر شەوی شەممە 4-6-2022، گفتوگۆ لەبارەی پرسی هاوڕەگەزخوازی لە هەرێمی کوردستان کرا، باسی ئەوەکرا تاوەکو چەند بابەتەکە بە کوردستان نامۆیە، چۆن لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت و دەبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؟
 
بۆچوونی جیاواز لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە هەیە، بەشێک پێیانوایە هاوڕەگەزخوازیی نەخۆشییە، بەشێک پێیانوایە کە سرووشتییە و پەیوەندی بە جینەکانی مرۆڤەوە هەیە، هەندێک کەسیش بە ناڕێکیی هۆرمۆنی دەیبینن و هەندێکی دیکەش وەکو بژارەی کەسی دەیبینن کە بژارەکە لە دەستی کەسەکەدایە و خۆی بڕیار دەدات کە بەوجۆرە بێت. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو هاوڕەگەزخوازی وەکو نەخۆشی پێناسەکردبوو، بەڵام لە کۆتایی نەوەدەکاندا هاوڕەگەزخوازی لە لیستی نەخۆشییەکان دەرهێنا.
 
لە سپەیسەکەی رووداودا، هەریەک لە باخان قادر، چالاکڤان و شارەزای بواری جێندەری. میلان، چالاکڤانی بواری مافەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە و محەممەد فاتیح، چالاکڤان و شارەزای فەلسەفەی ئەخلاقیی ئیسلامی بەشدارییان کرد و قسەکەری سەرەکی بوون. لەنێو سپەیسەکەدا، رای چەند کەسێکی دیکەش وەرگیرا.  
 
شارەزایەکی بواری جێندەری: هاوڕەگەزخوازیی نامۆنییە، بەڵام باسکردنی نامۆیە
 
باخان قادر لە سەرەتایی قسەکانیدا سوپاسی رووداوی کرد کە "کێشەیەکی گرنگ" باس دەکات کە پەیوەندی بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە. لەبارەی ئەوەی چی بکرێت تاوەکو ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە قبووڵبکرێن، گوتی، "پێویستە ئەو کەسانە گوێیان لێبگیرێت، قبووڵبکرێن، مافیان هەیە باسی خۆیان بکەن و بە ئازادیی بژین." 
 
ئێستا بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە سەرنجێکی زیاتر لەسەر بابەتەکە هەیە، باخان قادر پێی وایە، ئەو سەرنجە زۆرە لەسەر بابەتەکە "باشی" و "خراپی" هەیە. دەڵێت: باشییەکەی ئەوەیە کە زۆر گرنگە و دەبێت باس بکرێت و خەڵک زیاتر تێیدا شارەزا بێت. هەروەها خراپیشی هەیە کە لەوانەیە ئەو کەسانە پێشتر توانیبێتیان بە سەلامەتتر بژین بێ ئەوەی خەڵک هێندە باسیان بکات و سەرنجیان لەسەر بێت. 
 
لە چەند مانگی رابردوودا دۆسکی کە گەنجێکی پارێزگای دهۆک بوو و رەگەزی خۆی گۆڕیبوو لەلایەن خانەوادەکەیەوە کوژرا. باخان قادر دەڵێت، "ئەوە کەیسێک بووە کە سەرنجی خراوەتەسەر، دەکرێت چەندین کەیسی دیکەی هاوشێوە هەبێت کە لای رێکخراوەکان بێت و دواتر لەنێو خانەوادەکەی دادەپۆشرێت." 
 
بەگوتەی ئەو کچە چالاکڤانە، کەیسەکان "زۆر زۆرن، بەڵام باس ناکرێن و ناگەنە میدیا." لە قسەکانیدا راپۆرتێکی عێراق کویری خستەڕوو کە لە 2017 بڵاوبووەتەوە و تێیدا هاتووە، "تەنیا لەو ساڵەدا زیاتر لە 200 کەس لەسەر ئەوەی بەشێک بوون لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کوژراون."
 
لەبارەی ئەوەی "ئایا هاوڕەگەزخوازیی بە کولتووری کوردی نامۆیە یان نا"، باخان قادر پێیوایە، "نامۆنییە، بەڵام باسکردنی نامۆیە."
 
چالاکڤانێکی مافەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە: ئەندامانی پەلکەزێڕینە کە دەستدرێژیشیان دەکرێتەسەر ناتوانن سکاڵا بکەن
 
میلان کە بەهەمانشێوە چالاکڤانە، لە سپەیسەکەدا قسەی کرد، ئەو گوتی، "هاوڕەگەزخوازیی نامۆ نییە، بەڵام چۆنییەتیی تێگەیشتنی خەڵک بۆ بابەتەکە هەڵەیە". هەروەها رەخنە لە میدیاکان دەگرێت و دەڵێت، زۆرینەی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەم بابەتەدا کراون ئەو کەسانە میوانداری کراون کە "رووی ناشرینی پێشان دەدەن."
 
ئەو چالاکڤانە گوتی، ئەندامانی پەلکەزێڕینە کە دەستدرێژیشیان دەکرێتەسەر "ناتوانن بڕۆن سکاڵا بکەن"، وەک ئەو دەڵێت، "چەندین کەیس هەن کە کەسەکان چوون سکاڵایان کردووە، لەوێ دەستدرێژییان کراوەتەسەر." 
 
میلان پێیوایە، چوارچێوەکان بۆ ئەندامانی پەلکەزێڕینە گیراون و ناتوانن بە کەس بڵێن تەنانەت ئەگەر دەستدرێژیشیان بکرێتەسەر. دەشڵێت، "دەبێت لەسەر بابەتەکە خەڵک فێربکرێن و رێکخراوەکان بڕۆنە نێو خەڵکەوە." ئەو گوتیشی، هاورەگەزخوازان "مایەی بەزەیی نین، بەڵکو کەسەکە بەوجۆرە لەدایکبووە."
 
شارەزایەکی فەلسەفەی ئەخلاقی ئیسلامی: لەگەڵ هاوڕەگەزخوازییدا نیم، بەڵام دەبێت چارەسەرمان پێبێت 
 
محەممەد فاتیح، چالاکڤان و شارەزای فەلسەفەی ئەخلاقی ئیسلامی پێیوایە، بابەتی پەلکەزێڕینە لە هەرێمی کوردستان "سیاسییە و دەبێت ئەمە سەرنجی بخرێتەسەر."
 
لەبارەی بۆچوونی خۆی لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە، محەممەد فاتیح گوتی، "من لەگەڵیدا نیم، بەڵام ئەمە کێشەیەکە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و چارەسەرمان پێبێت بۆی." 
 
لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی پەلکەزێڕینەدا بکرێت، محەممەد فاتیح گوتی، "بە هیچ شێوەیەک نابێت تووندوتیژیان بەرامبەر بکرێت.. دەبێت چوارچێوەیەکی کوردییانەی، ئیسلامییانەمان هەبێت بۆ جێکردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە." 
 
ئەو شارەزایەی فەلسەفەی ئەخلاقی ئیسلامی پێشنیاز دەکات، "مامۆستایانی ئایینی بۆردێکی راوێژکردنیان هەبێت کە لە چەند کەسێکی پسپۆڕ پێکبێت. لەو رێگەیەوە فەتوا بدرێت."  
 
محەممەد فاتیح باسی لەوەش کرد: پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم بابەتە کێشەیەکی جیهانییە، [لە سپەیسێکدا] رووداو گەورەترین میدیای کوردی باسی دەکات و زیاتریش باس دەکرێت. دەبێت کەسێکی موسڵمانی کورد دیدگایەکی هەبێت بۆ چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵدا. 
 
لەبارەی چۆنیێتی مامەڵەی موسڵمانان لەگەڵ هاوڕەگەزخوازاندا، محەممەد فاتیح ئاماژەی بەوە کرد، "نابێت دوای گوتاری تووندی تووندڕەوی بکەون، چونکە لە بنەماوە هەڵەیە." 
 
بۆ گوێگرتن لە تەواوی سپەیسەکەی رووداو لە تویتەر کلیک بکە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.