مامۆستایەک لە ئیدارەی راپەڕین: بەهۆی بێکارییەوە سەدان گەنج ساڵانە روو لە هەندەران دەکەن

05-06-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، ساڵی رابردوو لە ئیدارەی راپەرین 11700 گەنج کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە. وێنە: رووداو
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، ساڵی رابردوو لە ئیدارەی راپەرین 11700 گەنج کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - راپەڕین

بەشێک لە دانیشتووانی رانیەی ناوەندی ئیدارەی راپەڕین گلەیی لە نەبوونی کار لە سنوورەکەیان دەکەن. بەشێک لەوانەی گلەیی نەبوونی کار دەکەن دەرچووی زانکۆن و دەڵێن، بەدوای کاردا گەڕاون، بەڵام دەستیان ناکەوێت، ئێستا بێ کار و کاسبی ماونەتەوە.
 
عومەر محەممەد، دەرچووی زانکۆ لە بەشی جوگرافیا دەڵێت، "لە پسپۆڕییەکەی خۆم، نەک لە شارەکەم، باوەڕناکەم لە هەموو هەرێمی کوردستان کارم دەستبکەوێت، لێرە ئەندازیاری، پزیشکی و بەشی کۆمپیوتەر بڕێک باشن، ئەوانی دیکە نازانم بۆ دەخوێنین."
 
هەڵوەست حەمەسدیق، دەرچووی زانکۆ لە بەشی ئینگلیزی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو شارە پشتی بە مووچە و دووکانداری بەستووە، ئەی لایەنەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان ئێمە لەپێشدا تووتنمان هەبوو، کوا چی لێهات؟ دائیرەکەیان کردە پۆلیس خانە."
 
عەبدوڵڵا ئیسماعیل، دەرچووی زانکۆ لە بەشی کۆمپیوتەر پێیوایە کە هۆکاری بێکاری لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، "یەکەمیان خەمساردیی کاربەدەستانی ناوچەکەیە، دووەمیان حکومەت و سێیەمینیشیان خۆمان هۆکارین، ئەگەر هاتباو جووڵەیەک لەڕووی وەبەرهێناندا کرابا لە پرۆژە، بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری حاڵمان وا نەدەبوو."
 
عوسمان محەممەد مامۆستایە و موسا رانیەییش ئاسنگەرە، بە گوتەی خۆیان، لە تەمەنی لاوێتیدا وەکو گەنجانی ئێستا بەدوای دۆزینەوەی کاردا گرفتار نەبوون.
 
عوسمان محەممەد، مامۆستا باس لەوە دەکات، "سەردەمێکی وا دروستبووە، نازانم چۆن باسی بکەم، دەبینی وڵات چۆڵ بوو، سەدان گەنج ساڵانە لەم دەڤەرە سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ هەندەران، ببینە لە چاو سێ چوار ساڵ پێش ئێستا، راپەرین چۆن چۆڵ بووە و کارەسات دروست بووە."
 
موسا رانیەیی، ئاسنگەر دەڵێت، "ئەگەر کار و کاسبی هەبێت، گەنج مەجبور نییە کۆچ بکات و خۆی لە رێگەیەک بدات ماسی و قرش بیخۆن، من دووکانم هەیە و رۆژانە ژمارەیەک گەنج دێن و دەڵێن، وەستا شاگردت ناوێت؟ چیم بوێت؟ لەبەر کەلوپەلی سینی و تورکی هاوردەکراو کاری ئێمەشیان نەهێشت."
 
بەپێی ئاماری بەرنامەی تواناسازیی گەنجان لە دامەزراوەی رایەڵ، ژمارەی دانیشتووانی ئیدارەی راپەرین زیاتر لە 450 هەزار کەسە، 60%ی گەنجن و 40%یان بێکارن؛ 19 هەزار کەس لەوانە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن و کاریان دەستنەکەوتووە.
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، ساڵی رابردوو لە ئیدارەی راپەرین 11 هەزار و 700 گەنج کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە؛ ئەمساڵیش نزیکەی 500 کەس زێدی خۆیان جێهێشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە