وەزارەتی بەرگریی عێراق: دەستدرێژی بۆ سەر پێشمەرگە قبووڵکراو نییە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە ئەمڕۆ لە چیای مەتینا لە ئامێدی لەلایەن پەکەکەوە کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و دەڵێت "ئەو دەستدرێژییانە رەتدەکەینەوە و قبووڵکراو نیین."
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "وەزارەتی بەرگریی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیروریستییە ترسنۆکانەیە دەکات کە یەکەیەکی سەربازیی عێراقی لەچوارچێوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی چیای مەتینی پارێزگای دهۆک لەسەر دەستی گرووپی چەکداریی ناعێراقی رووبەڕووی بووەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە "بەشێکی دانەبڕاوە لە هێزە چەکدارەکانمان و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەم هێزە رەتکراوەیە و قبووڵکراو نییە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کردبوو کە بێتەسەر هێڵ و هێرشی تورکیا رابگرێت و بە پەکەکەش بڵێت کە رێز لە سنوور و سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرێت. وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەشی گوتووە، "روونی دەکەینەوە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خوێن و ئاسایشی عێراقییەکان، دەبێت بە سزای دادپەروەرانەی خۆی بگات."
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندووە، "دووپاتیشی دەکەینەوە کە هێزەکانی عێراق بە سەرجەم بەش و جۆرەکانییەوە بەرپرسە لە سەپاندنی سەروەریی نیشتمانی لەسەر تەواوی خاکی عێراق و رێگەپێدراوە بە بەرپەرچدانەوەی هەر پێشێلکارییەک، چی نێوخۆیی بێت یان دەرەکی و دەستدرێژیکار سزای خۆی وەردەگرێت."
 
ئەمڕۆ ئەمڕۆ شەممە 5-6-2021، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە چیای مەتینا لە دەڤەری ئامێدی، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی هێرشەکەوە پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش برینداربوون. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، هەشت پێشمەرگە برینداربوونە.
 
لەدوای رووداوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەت، پەرلەمانی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوایشیان لە پەکەکە کرد، رێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بگرێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆش گوتەبێژی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و شانەی ئەمنیی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
 
هاوکات لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەو کارە سەرکۆنە دەکەین، لە رێگەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیش راگەیێندراوێکمان بڵاوکردەوە تێیدا روونمان کردەوە کە هێرشکردنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە هێرشکردنە بۆ سەر ئێمە؛ رێگەش نادەین هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە هێزی فیدراڵین و دەستوور دانی پێداناون، ئەرکیان پاراستنی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ روویدا دەستدرێژییە و رێگە نادەین هێرشی لەو جۆرە بکرێتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە."
 
تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ پێشمەرگە کار دەکەن "بۆ ئەوەی بتوانین ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بپارێزین، ئەو دەستدرێژییە هیچ پاساوێکی نییە و شەهید و برینداری برایانی پێشمەرگەی لێکەوتەوە.. سەبارەت بە هێزەکانی تورکیا ئەو بابەتە کاری حکومەتە و کاری وەزارەتی دەرەوەیە، بۆیە پەیوەندی لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەیە، لەو بوارە کار کراوە، بەوەی باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت کرا و قسەی لەگەڵدا کرا."

 

 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوە نادەن" و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. 
 
لە راگەیێندراوی شانەی ئەمنیدا هاتووە، "ئەمڕۆ لەسەر رێگەی چیای مەتین و لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانیان لەسەر خاکی نیشتمان، پێنج پاڵەوان لە هێزەکانی پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەیان برینداربوون."
 
هەروەها  شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق هێزەکانی پێشمەرگە بە هێزێکی نیشتمانی ناودەبات و دەڵێت "پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ هێزە چەکدارەکان کە قەڵخانی پارێزراوی نیشتمانە لە دژی دووژمنانی."