هۆشداری لێزمەباران و لافاو لە باکووری کوردستان دەدرێت

05-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری دەدات لە لێزمەباران و لافاو لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان. دەشڵێت پلەی گەرما شەش پلە دادەبەزێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 62 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لێزمەباران دەبێت و لافاو دروست دەبێت. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە نەخشەی کەشوهەوای هەشت پارێزگای باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، ئێلیهـ، مەرەش، مەلەتێ، ئاگری، مووش، ئەرزەڕۆم و ئەردەخان ئەگەری لافاو زۆرە و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لە قەرس بەفر ببارێت. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند، لەو هەشت پارێزگایەی باکووری کوردستان پلەی گەرما 4-6 پلەی گەرما دادەبەزێت و خێرایی با لەنێوان 60-80 کم دەبێت لە کاژێرێکدا. 
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ تەواوی رۆژ لەم پارێزگایانە لێزمەباران بەردەوام دەبێت و شەپۆلەکەش دوو رۆژ دەخایێنێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە