شەپۆلێکی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە

05-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەندین رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەندین شار و ناوچە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو. بەپێی رێکخراوەکانی کەشناسیی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرترین باران لە پارێزگای کرماشان و کەمترینی لە ورمێ بووە.
 
لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستان و نیوەی رۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە.
 
 لە کرماشان، لوڕستان و ئیلام زیاتر لە شوێنەکانی دیکە باران باریوە و زیانی زیاتریشی بە تایبەت بە رێگەوبانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.
 
کرماشان
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری کرماشان رایگەیاند، تیمەکانیان هاوکاری 122 کەس لە زیانلێکەوتووانی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە سنووری ئەو پارێزگایەیان کردووە.
 
رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای کرماشان ئەمرۆ رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاترین بڕی باران لە سەلاسی باوەجانی بووە بە بڕی 153 ملیمەتر، لە روانسەر 126، لە پاوە 98، لە ماهیدەشت و کوزەران 93، جوانرۆ 90، لە کرماشان 82 ملیمەتر.
 
بەپێی کەشناسیی کرماشان، ئەم ساڵ زیاترین بڕی باران لە شاری پاوە باریوە و کە هەزار و سێ ملیمەتر بووە. ئەم ساڵ تێکرای بارینی باران لە هەموو پارێزگاکەش 519 ملیمەتر بووە کە بەراورد بە پار 27٪ زیادیکردووە.
 
لە سەرپێڵی زەهاو، بەهۆی زۆر بارینی باران لافاو دروست بوو و رێگەی چەندین گوندی تێکدا، هەروەها زیانی گەیاندە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش.
 
سەدروڵڵا بابلی، قایمقامی سەرپێل زەهاو ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بە پێی پێشبینییەکان بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو، بایی 30 ملیار تمەن زیان گەیشتووەتە رێگەوبان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی شارەکە.
 
بە گوتەی قایمقامی سەرپێل زەهاو، بارینی باران بە رێژەی 10 تا 15٪ زیان گەیاندووەتە سێ هەزار هێکتار زەوییە کشتوکاڵییەکانی گەنم و جۆی ناوچەکە و زیانەکانی بە 18 ملیار تمەن دەخەملێندرێت. هەروەها لافاو بایی 12 ملیار تمەن زیان بە رێگەوبانی ناوچەکە گەیاندووە.
 
لە شاری هەرسین و روانسەریش لافاو و پەنگخواردنی ئاو بۆ ماوەی چەندین کاژێر ئاستەنگی هاتووچۆکردنی بۆ هاونیشتمانییان دروستکرد.
 
ئەبووتالیب ئایەتوەندی، قایمقامی هەرسین دەڵێت، لە گوندی داودی خواروو بەهۆی لافاوەوە پێنج ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، ماڵی هاووڵاتیەکیش رووخاوە.
 
ئیلام
 
لە ئیلام زیاترین بڕی بارانبارین لە گوندی ئەنجیرەی ئاودانان بووە و 134 ملیمەتر باران لەو گوندە باریوە.
 
رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە شاری ئاودانان 117 ملیمەتر، لە مێمە 110، لە ئەرکوازی مەلەکشا 105 ملیمەتر، لە دێلوڕان 38 و لە شاری ئیلامیش 57 ملیمەتر باران باریوە.
 
بارینی باران لە شارەکانی ئیلام، دێلوڕان، سیروان، مەلەکشا و ئاودانان بووە هۆی پەنگخوارنی ئاو لەسەر کۆلان و شەقامەکان و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی خەڵک دروستکرد.
 
بە گوتەی جەلال یوسفی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دێلوڕان، لافاو زیانی بە حەوت هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی شارەکە گەیاندووە. مەجید بەگلەریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆلی قەیرانی پارێزگای ئیلامیش دەڵێت، بەهۆی بارینی باران زیاتر لە 300 ملیار تمەن زیان بەر کەرتی کشتوکاڵی شاری دێلوڕان کەوتووە.
 
بارینی باران هەروەها بووەتە هۆی سەرڕێژبوونی ئاوی بەنداوی دویرجی شاری دێلوڕان کە توانای گڵدانەوەی 205 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە.
 
لە لایەکی دیکەوە محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ئیلام ئاماژە بە پچرانی ئاوی گوندی دەشت ئەکبەری دێلوڕان بەهۆی لافاوەوە دەکات کە بەهۆیەوە 200 ماڵ بێ ئاو مابوونەوە و دەڵێت، "تیمەکانمان دوای شەش کاژێر هەوڵدان، کیشەی ئاوی ئەو گوندەیان چارەسەر کردووە."
 
بە گوتەی حەمزە محەمەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ئیلام، لە شارەکانی ئیلام، مەلەکشا، ئاودانان و سیروان ئاو چووەتەوە نێو 17 ماڵ، هەروەها لە لایەن تیمەکانیانەوە هاوکاری 140 کەس کراوە کە بەر لافاو کەوتبوون. لە ناوەندی شاری ئیلامیش ئاو چووەتە نێو 25 ماڵ، دۆکان و شوێنی بازرگانی.
 
لوڕستان
 
لە لوڕستان بارانێکی زۆر باریوە و بەهۆیەوە لە چەندین شوێن لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو روویداوە.
 
بە پێی زانیارییەکان، لە دوو رۆژی رابردوو تێکرای بارینی باران لە پارێزگای لوڕستان 61.3 ملیمەتر بووە کە زیاترین بڕی بارین لە رومشکان بووە و 112 ملیمەتر باران لەو شارە باریوە.
 
هەروەها لە شارەکانی خوڕەمئاوا 74.8، کۆیەشت 86.5، پولدوختەر 74، ئەلیشتەر 59.7، نوورئاوا 49.7، ئەلیگودەرز 36.1، دووروود 38، ریملە 86.1، شول ئاوا 72.3، سەراو دورە 73.8، ئیمان ئاوا 58، ئەزنا 37.6 و بروجێرد 27.3 ملیمەتر باران باریوە.
 
لە شاری کۆیەشتی لوڕستان بەهۆی لافاو، ژمارەیەک گەشتیار لە ناوچەیەکی گەشتیاری گیریان خوارد، کە دواتر لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سووری شارەکەوە رزگار کران.
 
عەباس حەسەن پوور، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری کۆیەشت، رۆژی شەممە رایگەیاند، "بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە، 300 گەشتیار لە گەلی شیرزی گوندی کورەدەشتی سەروو گیریان خوارد و دوابەدوای ناردنی تیمەکانی مانگی سوور و تیمەکانی فریاکەوتن، گەشتیارەکان رزگار کران و بۆ شوێنێکی پارێزراو گوێزرانەوە."
 
لافاو لەو پارێزگایە هەروەها زیانی گەیاندە کۆچەرەکانیش. هوشەنگ نوورمحەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆچەرەکان رایگەیاند، هاوکارییان بەسەر 20 خێزانی کۆچەردا دابەشکردووە کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
لە شاری ئەزناش کۆمیتەی بەڕێوەبردنی قەیرانی شارەکە کەوتووەتە دۆخی ئامادەییەوە، هەروەها بریاری چۆڵکردنی گوندێک دراوە.
محەمەدرەزا فاتیحی، قایمقامی ئەزنا دەڵێت، بە بەردەوامبوونی بارینی باران، ئاوی پشت بەنداوی گوندی کەمەندان بەرەو زیادبوون دەروات و بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانی گوندەکە دروست بووە، دەبێت گوندەکە بە زوویی چۆڵ بکرێت.
 
محەمەد نازری، قایمقامی شاری مەعمولانیش رایگەیاند، رۆژی شەممە بە هۆی بارینی بارین، كاڕەبای شاری مەعمولان بۆ ماوەی چەندین کاژێر بڕا، دواتر لە لایەن تیمەکانی فەرمانگەی کاڕەبای لوڕستانەوە کێشەکە چارەسەر کرا.
 
ورمێ
 
رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە زۆربەی شار و ناچەکانی سەر بەو پارێزگایە باران باریوە و رۆژی شەممە، 4ی گوڵانی 2024، لە شارەکانی خوی و شوت لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو روویداوە.
 
ئەمین ئەڵڵاهڤێردی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی خۆی بۆ کاروباری خزمەتگوزارییەکان رایگەیاند، لە چەند گەرەکێکی شار پەنگخواردنەوەی ئاو هەبوو، بە تایبەت لە شووقەکانی زەیتوون و پرۆژەی مەسکەنی مێهری شارەکە لافاو هەستا. 
 
هەروەها لە ناوچەی دزەی دیزی سەر بە شاری خۆی، حەوت کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی رووبارێک، لە سەر رێگەیەک گیریان خواردبوو، لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکران.
 
لە شاری شوت لە باکووری پارێزگاکەش، بارینی باران بووە هۆی بەرزبوونەوە و پەنگخواردنەوەی ئاو لە هەندێک شەقام و گەڕەکی شارەکە.
 
بەپێی رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، زیاترین بڕی باران لە شاری شوت 29 ملیمەتر باریوە، هەروەها بڕی بارانبارین لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە لە دوو رۆژی رابردوودا بەم شێوەیە بووە: 
 
خۆی 12 ملیمەتر، پیرانشار 10 ملیمەتر، سەڵماس 9.6 ملیمەتر ، ماکۆ 8.5 ملیمەتر ، سەردەشت 6 ملیمەتر ، چایپارە  5.7 ملیمەتر، پوڵدەشت 3.4 ملیمەتر ، ورمێ 1 ملیمەتر.
 
سنە
 
لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەندین شار و ناوچەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش باران باریوە، بەڵام تا ئیستا لە لایەن رێکخراوی کەشناسی ئەو پارێزگایەوە هیچ ئامارێک لەبارەی بڕەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.
 
هەروەها لە سنە بە هۆی بەردەوامیی بارینی بارانی بەخوڕ، رێوڕەسمی کۆمسای هەڵوەشایەوە کە بریار بوو رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە