سۆران عومەر: سوودانی پێی گوتین تاوەکو داهاتی ناوخۆ رادەست نەکرێت مووچە نانێرن

رووداو دیجیتاڵ
 
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ سوودانی رایگەیاندووە، "مووچەی مانگی نیسان [ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان] بە دەستپێکردنی تەوتین و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ رەوانە دەکرێت".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.
 
بەگوتەی سۆران عومەر لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سوودانی گوتوویەتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تازە رازیی بووە کە داهاتی نانەوتی رادەست بکات و بانکی TBIیش دەست بە تەوتین (بە دیجیتاڵیکردنی وەرگرتنی مووچە) بکات؛ مووچەی مانگی نیسان بە دەستپێکردنی تەوتین و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت".
 
سۆران عومەر دەڵێت، لەبارەی پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی وەرگرتنی مووچەوە پرسیاری لە سوودانی کردووە، ئایا تەنیا بانکی TBI دەتوانێ ئەو کارە بکات؟ سوودانی لە وەڵامدا گوتوویەتی، "بەڵێ لەگەڵیان [لەگەڵ TBI] دانیشتووم، ئامادەییان هەیە".

 

 
لەبارەی "هەژماری من"ـەوە، سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی لە هەژماری من هەژماریان بۆ کراوەتەوە "قبووڵی دەکەین، ئەوانەی کە ماون لە TBI هەژماریان بۆ دەکرێتەوە". هەروەها سوودانی گوتوویەتی، "بۆ جێگیرکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە دەرەوەی (هەژماری من)ـی حکومەتی هەرێمن و ژمارەیان زیاتر لە 700 هەزار کەسە، لە بانکی TBI جێگیردەکرێن، ئەم پرۆسەیەش دوو مانگی پێویستە".
 
تەوەرێکی دیکەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی عێراق لەگەڵ سوودانی بریتی بووە لە پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئەو چوار بەنداوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەرچوون. سۆران عومەر دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "پشتگیری وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران و داوای دەستپێکردنی بەنداوەکانمان کرد".
 
سۆران عومەر باسی لەوە کرد، سوودانی داوای لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە، "هێنانی هێلکە بەقاچاخ" لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان رابگرن و گوتوویەتی، "پرۆژەکانی خۆتان و عێراقیش بەرەو مایەپووچبوون دەچن".