رووداو دیجیتاڵ/ وێنە: مەهدی فەرەج
لە هەر شارێک یاخود هەر وڵاتێک شوێنێک هەیە کە پێی دەناسرێتەوە، لە هەولێریش قەڵا هەیە کە کەڵەکەبووی مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤایەتییە، سەدان شارستانییەت بەلایدا رۆشتووە و زۆربەی پادشا و میر و میرزادەکانی ناو مێژووی بینیوە.
قەڵای هەولێر، پێش هاتنی بەشێک لە پێغەمبەرەکان، رۆژگارێک کە شیر و تیر، چەکی قورسی مرۆڤەکان بوو، دروستکرا، بۆ مێژووناسان، زۆربەی چاخەکان و بۆ خەڵکانی ئاساییش، هەموو مێژوو بەتەوێڵی دەر و دیوارەکانیەوە دیارە.
لە ساڵی 2014 قەڵای هەولێر لەلایەن یونسکۆوە چووە لیستی شوێنەوارە دێرینەکان و تاوەکو ئێستا نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییە بەردەوامە. نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لە ساڵی 2010 دەستیپێکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بودجەی 13 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکە داناوە.
قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکانە کە بەردەوام ژیان لەسەری هەبووە و بۆ لانیکەم شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
لە ساڵی 2007 کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر (HCECR) دامەزراوە، لە ساڵی 2010ش قەڵاکە خرایە لیستی تاقیکاری عێراقەوە بۆ ئەوەی بخرێتە ناو میراتی جیهانی یونسکۆوە دوای تەرخانکردنی زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلار لە پارەی گشتی بۆ پاراستنی شوێنەکە. لەو کاتەوە یونسکۆ و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دیکەی بیانی هاوکاریان لەگەڵ HCECR کردووە بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەکی گشتی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە. بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر وەستا. لە سەرەتای ئەمساڵ بەشێک لە کارەکان دەستیان پێکردەوە.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بێت، لەوانەیە نۆژەنکردنەوەی هەموو قەڵای هەولێر زیاتر لە 50 ساڵی پێبچێت.