لە کەلار لەسەر پێشنوێژیی مزگەوتێک دەستڕێژیی گوللە لە ماڵی خێرخوازێک دەکرێت

05-05-2023
هێمن بابان رەحیم
شوێنی گولـلە بەسەر ئەو ماڵەی کە تەقەی لێکراوە
شوێنی گولـلە بەسەر ئەو ماڵەی کە تەقەی لێکراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خێرخوازێک کە مزگەوت، قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری دروستکردووە، لەلایەن کەسێکەوە دەستڕێژی گوللە لە ماڵەکەی دەکرێت، ئەو کەسە ویستوویەتی براکەی ببێتە پێشنوێژی ئەو مزگەوتەی خێرخوازەکە بە هاوکاری خەڵکانی دیکە دروستی کردووە. خێرخوازەکە دەڵێت، "سکاڵا لەسەر تەقەکەرەکە تۆمار دەکەم."
 
رۆژی هەینی، 5-5-2023 کاروان رەشید سەمین کە خێرخوازێکی دیاری ناوچەی گەرمیان و قەزای کەلارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:47ـی شەوی رابردوو لەلایەن کەسێکی ناسراوەوە تەقە لە ماڵەکەی کرا، لە کاتی رووداوەکەش تەنیا هاوژینەکەی لەماڵ بووە، کە ژنێکی ئەوروپییە و بەهۆی تەقەکانەوە ترساوە.
 
کاروان رەشید سەمین ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی تەقەی لە ماڵەکەی کردووە، لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە، بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە 24 گوللە بەر خانووەکەی کەوتووە. گوتیشی، سکاڵا لەسەر تەقەکەرەکە تۆمار دەکات.
 
سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردن لە ماڵەکەی، کاروان رەشید کە بە کەسێکی خێرخواز لە کەلار ناسراوە، گوتی: "بە هاوکاری خێرخوازان مزگەوتێکمان لە گەڕەکی شەهیدان دروستکرد، برایەکی تەقەکەرەکە ویستوویەتی ببێتە پێشنوێژی مزگەوتەکە، بەڵام ئێمە کە مزگەوت دروستدەکەین، دوای تەواوبوونی، کلیلی مزگەوتەکە دەدەینە ئەوقاف، ئەوان پێشنوێژی بۆ دیاریدەکەن، دیارە ئەوقافیش لە جیاتی برای تەقەکەرەکە، کەسێکی دیکەی داناوە ."
 
سەرکەوت زەهاوی، ئەو کەسەی کە کراوەتە پێشنوێژی مزگەوتەکە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی گوت: هیچ کێشەیەکی نەبووە، خەڵکی ناوچەکە ویستوویانە کەسێکی بێلایەن ببێتە پێشنوێژ. باسی لەوەشکرد کە هێشتا مزگەوتەکە نەکراوەتەوە و سەرقاڵی راخستنی فەرشەکانی بوون کە تەقە لە ماڵی خێرخوازەکە کراوە. 
 
کاروان رەشید سەمین سەرسوڕمانی خۆی لە رووداوەکە نیشاندا و گوتی: "بەڕاستی سەیرە لەم وڵاتە کە پێویستە ئارامی هەبێت لەسەر بابەتێکی ئاوا تەقە لە ماڵی من بکرێت و ئارامیمان لێ تێکبدرێت، بەڵام من سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو تەقەکەرە دەکەم، چونکە بووەتە هۆی ترساندنی هاوژینەکەم."
 
بە گوتەی ئەو خێرخوازە، ئاسایش و لیژنەی ئەمنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و کامێراکانیان لەلایە کە تەقەکەرەکە دەرچووە، بەڵام ئاگادار نییە لەوەی تەقەکەرەکە گیراوە یان نا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە