بەلجیکا عێراقییەک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەکە هاووڵاتییەکی عێراقی دەستگیرکردووە کە گومانی لێدەکرێت سەر بە شانەیەکی قاعیدە بێت کە لە ساڵانی 2009-2010 لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە تەقینەوەی ئەنجامداوە.
لە راگەیێندراوێکی پۆلیسی بەلجیکادا هاتووە، رۆژی چوارشەممە، دوای ئەوەی کە پۆلیس بە فەرمانی دادوەرێکی دژە تیرۆر هەڵیکوتایە سەر شوێنێک لە شارۆچکەی هاسێلت لە رۆژهەڵاتی بەلجیکا، کەسێکی بە ناوی (ع.ی.ت) لەدایکبووی ساڵی 1979 دەستگیرکرد.
گومانلێکراوەکە رۆژی هەینی بە تۆمەتی "کوشتنی چەندین کەس، بەشداریکردن لە چالاکییەکانی گرووپێکی تیرۆریستی، ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە دادگە ئامادەبوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێدەچێت هاووڵاتییە بە رەچەڵەک عێراقییەکە بەشێک بووبێت لە شانەیەکی قاعیدە "کە بەرپرسی چەندین تەقینەوەی ناوچەی سەوزی بەغدا لە ساڵانی 2009 و2010 بووە، کە لانیکەم 376 کەس تێیاندا گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەسیش برینداربوون".
پۆلیسی بەلجیکا دەشڵێت، لەنێو ئامانجەکانی ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوانەدا باڵەخانە حکومییەکانی عێراق بوون.
داواکاری گشتیی وڵاتە ئەوروپییەکە رایانگەیاندووە، ئەو عێراقییە لە ساڵی 2015ـەوە وەک پەنابەر لە بەلجیکا دەژی و لە ساڵی 2020 لێکۆڵینەوە دژی دەستیپێکردووە.
دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکە دوای دەستگیرکردنی پیاوێکی سووریی تەمەن 38 ساڵ دێت لە 28ـی ئادار کە گومانی ئەوەی لێدەکرا "تاوانی جەنگ"ـی لە سووریا بۆ داعش ئەنجامدابێت. ئەو کەسە سوورییەش لە بەلجیکا پەنابەر بوو.