لە دوو رووداوی دزیکردندا لە هەولێر '4 هەزار دۆلار و 125 مسقاڵ زێڕ' دەدزرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی جیادا لە شاری هەولێر دزی لە دوو ماڵ دەکرێت. خاوەنی یەکێک لە ماڵەکان دەڵێت، چوار کەس بە جلوبەرگی سەربازییەوە خۆیان وەک ئاسایش ناساندووە و دزییەکەیان کردووە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو چووە یەکێک لەو ماڵانەی لە گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر دزی تێدا کراوە. زیاد خاوەنی ماڵەکەیە و گوتی، کاژێر نزیکەی 5ـی بەیانی چوار کەس بە جلوبەرگی سەربازییەوە چوونەتە ماڵەکەیان و خۆیان وەکو ئاسایش ناساندووە و گوتوویانە، هەواڵتان لەسەر دراوە کە مادەی هۆشبەر لە ماڵتاندا هەیە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، چەکدارەکان دووانیان چونەتە ژوورەوە و دووانیشیان لە بەر دەرگەکەدا وەستاون؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەستوپێی هەموومانیان بەستەوە و پێیان گوتم: چیت هەیە بیڵێ. گوتم هیچم نییە. گوتیان: چەک و پارە و هەر شتێکی دیکە هەیە بیڵێ. ئێمە ئاسایشین. چەکیان لەسەر سەر دانام و منیش گوتم هەندێک پارەم هەیە لەنێو سەقفەکەدایە؛ نزیکەی 20 خولەک ماڵەوەمان گەڕان و هەموو سەقفەکەیان هێنایە خوارەوە و پارەکەیان برد کە دوو دەفتەر 10 ملیۆن دینار بوو".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، سکاڵایان تۆمارکردووە لە ئاسایش و پۆلیسی تاوان؛ داواشی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بکەرانی ئەو کارە دەستگیربکەن.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ لە رووداوێکی دیکەی دزیکردندا لە هەولێر بڕێک پارە و زێڕ دزرا. کچی ئەو هاونیشتمانییە بە دڵنیا رەحمانی گوت، رووداوەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی لە گەڕەکی گوڵان لە هەولێر روویدا، ئەوەش کاتێک دوو دز چوونەتە ماڵی دایکی کە بە تەنیا دەژی و 20 هەزار دۆلاری هەبووە بردوویانە و بە کەتەرێک ئەو زێڕانەشی بەدەست و پێیەوە بووە لێیان کردووەتەوە و بردوویانە، کە بەگشتی 125 مسقاڵ زێڕیان لێ دزیوە.
 
بەهۆی رووداوەکەوە دۆخی تەندروستیی ژنەکە تێکچووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.