رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆئەوەی رووداوەکەی شنگال بەلاڕێدا ببردرێت

05-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، چەند مامۆستایەکی ئایینی باسیان لە هێرشی سەر مزگەوتێکی شنگال کردووە و دواتر گوتوویانە مەبەستیان رق نەبووە و لەگەڵ ئێزدییەکاندا گفتوگۆیان کردووە. دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و رقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵ دەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان".

رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەژێر رۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدرا، لە هەینی رابردوودا چەند مامۆستایەکی ئایینی کە ژمارەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تێپەڕی نەدەکرد، روونکردنەوەیان لەسەر بابەتەکە دا، بەڵام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 500 مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی هەن و لەو ژمارەیە چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنەسەر مزگەوتێکی شنگالیان کردووە.
 
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مامۆستایانەی باسی ئاڵۆزییەکەی شنگالیان کردووە، لەگەڵ مامۆستا ئێزدییەکاندا دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا "دووپاتیانکردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی گوتاری رق نەبووە و تەنیا ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند گەنجێکی ئێزدی لە رێگەی بەرد هاوێشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیێنێت کە هەموو ئێزدییەکان تاوانبار بکرێن".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و رقاوی دەکات، کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان".
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا سزای ئەو کەسانەی داوە کە گوتاری تووندیان دژی پێکهاتەیەکی دیاریکراو داوە، لەنێو سزادراواندا مامۆستای ئایینیش هەبوون.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە "هەزاران مامۆستای ئایینی" هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگالیان سەرکۆنە کردووە، بەڵام گوتوویانە کە ئەمە لەسەر ئێزدییەکان هەژمار ناکرێت.
 
رۆژی 27ـی نیسانی 2023، بەشێک لە کوردانی ئێزدی لە شنگال دژی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە خۆپێشاندانیان کرد؛ خۆپیشاندانەکە نزیکی مزگەوتی رەحمان بوو. بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکرانەوە؛ چەند گەنجێک بەردیان گرتبووە مزگەوتەکە و دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەوە کە مزگەوتەکە سووتێندراوە، بەڵام هەر دوای رووداوەکە کوردانی ئێزدی و پۆلیسی پارێزگای نەینەوا رەتیانکردەوە مزگەوتەکە سووتێندرابێت.
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ئێزدییەکان، موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە؛ گوتیشی، لە ئەخلاقی ئێزدییەکاندا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لە هەواڵی ئەکرەم ساڵحی پرسی

نێچیرڤان بارزانی: بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح بکرێت

نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵحى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو.