بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: لە ماوەی هەفتەیەکدا عومرەکارەکان دەگەڕێنینەوە

 
رادیۆ رووداو
 
ژمارەیەک عومرەکاری خەڵكی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیریان خواردووە و داوا دەکەن کارێکیان بۆ بکرێت بۆئەوەی بگەڕێنەوە. 
 
عومرەکارێک بەناوی ئیبراهیم ئەحمەد کە دانیشتووی هەولێرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-5-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو ئێمە دووەم رۆژی جەژن و هەندێک عومرەکاری دیکەش یەکەم رۆژی جەژن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە بیانووی نەبوونی فڕۆکە زیاتر لە 24 رۆژە لێرە ماوینەتەوە و رێگەپێدراوانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکەن و خۆیان لێمان دەدزنەوە و وەڵامی تەلەفۆنەکانمان نادەنەوە؛ هەندێکجاریش پێمان دەڵێن هەرکەسێک 125 دۆلار بدات، دەتوانێت بگەڕێتەوە".
 
بەگوتەی ئەو عومرەکارە کوردە، ئەو عومرەکارانە ژمارەیان زۆرە و خەڵکی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، رانیە و ئاکرێ و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن و تەنانەت هەندێکیان بەهۆی ئەوەی پارەیان پێنەماوە لە هۆتێلەکان دەرکراون و ئینتەرنێتیشیان لێبڕیوون و ئێستا لەناو حەرەمی مەککە دەمێننەوە.
 
تایبەت بە کێشەی ئەو عومرەکارانە، نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئاگاداری گرفتی ئەو عومرەکارانەین و لەم رۆژانەی رابردوودا بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێل بووین؛ گرفتەکە زیاتر پەیوەندی بە دروستبوونی لۆدەوە لەسەر فڕۆکەخانەکان هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە بە چوونی زیاتر لە 12 هەزار عومرەکاری کورد بۆ سعودیە لە مانگی رەمەزاندا؛ ساڵانی پێشتر ئەو ژمارەیە ئەو پەڕی هەزار کەس دەبوو. بۆیە هێنانەوەی ئەوهەموو عومرەکارە لەماوەی 3 رۆژی جەژندا کە هەموویان داوایان دەکرد کارێکی ئاسان نییە".
 
لەبارەی وەرگرتنی بڕەپارەیەک وەک بۆ گەڕانەوەی عومڕەکارەکان، نیاز راغب گوتی: "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین و بەدواداچوونی جیدی بۆ دەکەین".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژانە 5 بۆ 6 فڕۆکە تایبەتە بە هاتنەوەی عومرەکاران بۆ عێراق کە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بەڵام بۆ رۆژی پێنجشەممە 05-05-2022 بەهۆی خراپی رەوشی کەشوهەواوە هیچ گەشتێکی ئاسمانی ئەنجامنەدراوە. 
 
نیاز راغب نەقشبەندی گوتی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی عێراق قسەیان کردووە تاوەکو ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی عومرەکارە کوردەکان و هەروەها داواشیان لە سەرجەم بەڕێوەبەراتییەکانی حەج و عومرە کردووە ناوی عومرەکارانی مانگی رەمەزانیان بۆ بنێرن بۆ زانینی ژمارەی راستەقینەیان. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا لەوەی لە ماوەی یەک هەفتەدا سەرجەم عومرەکاران دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.