لە باکووری کوردستان تەرمی دوو شوان دەدۆزرێنەوە


رووداو-هەولێر

لە ناوچەی هەزەخی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، تەرمی دوو شوان دۆزرانەوە کە بە گوللە کوژراون. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەپشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەو دوو شوانە، یەکێکیان ناوی حوسێن ئۆنەرە و تەمەنی 44 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان نوەی عومەر کایایە و  تەمەنی 41 ساڵە، هەردووکیان نیشتەجێی گەڕەکی یەنی مەحەلە بوونە.
 
ئەو دوو شوانە رۆژی چوارشەممە 4ی ئایاری 2022 بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان بەیانی زوو لە ماڵ چوونەتە دەرەوە و نەگەڕاونەتەوە. 
 
دوای ئەوەی هیچ هەواڵێکیان نابێت و ناگەڕێنەوە، خێزانەکانیان فەرماندەیی جەندرمە ئاگادار دەکەنەوە. تیمەکانی جەندرمە و خێزانی ئەو دوو شوانە پێکەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەر دەست بەگەڕان دەکەن. 
 
لە ئەنجامدا ئۆندەر و کایا لە دۆڵێکی نزیک گوندی دەلاڤێ قەسرێ لە ناوچەی هەزەخ بە کوژراوی دەدۆزرێنەوە.
 
ئەو شوێنەی تەرمی دوو شوانەکەی لێ دۆزراوەتەوە، نزیکە لە ئەشکەوت و ئەو هەرێمەی کە لە چیای باگۆک درێژ دەبێتەوە.  بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو دوو شوانە لە نێو ئۆتۆمبێلیکدا بە کوژراوی دۆزراونەتەوە و شوێنەواری گوللە بەسەرەیانەوە هەبووە
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، مۆبایلی ئەو دوو شوانە و سویچی ئۆتۆمبێلەکە لە شوێنی رووداوەکە نەدۆزراونەتەوە. 
 
بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری تەرمی شوانە کوژراوەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە هەزەخ.