ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا: ژمارەی کورد لە دنیادا لە 70 ملیۆن زیاترە


رووداو رادیۆ

کوردستان بەسەر پێنج وڵاتدا بەش کراوە و کوردانیش جگە لەو پێنج بەشە بە زۆر وڵاتی دنیادا پەرش و بڵاو بوون. ساڵانێکی زۆرە کوردان بە مەزەندە ژمارەی خۆیان بە نزیکەی 40 ملیۆن کەس دادەنێن. هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سویسرا لەم بارەیەوە لەناو فایل و بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەدواداچوونی بۆ ژمارەی کوردان کردووە و بەپێی ئەو ئامارانەی لە نزیکەی 20 وڵات دەستی کەوتوون ژمارەی کوردان لە جیهاندا لە 70 ملیۆن کەس زیاترە.
 
محەممەد کاروانی، سەرۆکی ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ساڵانێکی زۆر خەریکی ئەم بەدواداچوونەم و سەرەتاکەی بۆ دەیەی 90ی سەدەی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەڵام شەش مانگێکە بە شێوەیەکی چڕوپڕ کاری لەسەر دەکەم." 
 
سەرۆکی ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 50 ساڵە هەر دەگوترێت ژمارەی کوردان لە جیهاندا 40 ملیۆن کەسە، بەڵام ئەو ژمارەیە راست نییە. چۆن دەکرێت گەلێک 50 ساڵ بێت زیادی نەکردبێت؟ 
 
دوا ئاماری کورد لە ژمارەیەک لە وڵاتان کە بەڕێوەبەری ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا بڵاوی کردووەتەوە:
 
1- تورکیا (باکووری کوردستان): 32,812,439 
2- ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان): 18,281,137
3- عێراق (باشووری کوردستان):            7,949,571
4- سووریا (رۆژئاوای کوردستان): 3,642,117
5- ئەڵمانیا:                         1,898,319
6- ئەوروپا و وڵاتانی دیکە:        1,892,691
7- کازاخستان:                      892,638
8- جۆرجیا:                           758,009
9- ئەرمینیا:                           699,571
10- ئیسرائیل:                         592,622
11- ئەفغانستان:                     312,075
12- پاکستان:                        234,006
13- میسر:                             153,561
14- سودان:                             101,000
15- بۆسنە و هەرزەگۆڤین:              8,788 
 
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەری ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا بڵاوی کردوونەتەوە ژمارەی کورد 70 ملیۆن و 228 هەزار و 544 کەسە و باس لەوە دەکات کە هێشتا ئەوە هەمووی نییە.
 
محەممەد کاروانی گوتی: "کورد لە زۆرینەی وڵاتانی دنیادا هەیە. ئەوەندەی من تێبینیم کردووە ژمارەیەکی زۆر زۆر کوردمان لە دەرەوەی کوردستانی گەورە هەیە. خۆم چوومەتە بۆسنیاوهێرزگۆڤین و کوردی لێیە کە 800 ساڵە لەوێ دەژین و ناوی گوندەکانیان کوردییە و خۆیان بە کورد دادەنێن، بەڵام بە داخەوە کوردی نازانن. لە شوێنی پەیوەندیدار ژمارەکەیانم دەست کەوتووە."
 
لە ئەڵمانیا کوردێکی زۆر هەیە، بە تایبەتی کوردی باکوور کە نزیکەی 60 ساڵە لەوێ دەژین. لە یەمەن، سوودان، فەلەستین، ئەردەن و کوێتیش کورد هەن.
 
سەرۆکی ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا گوتی: "من ئەو بەڵگەنامانەم لە شوێنی زۆر باوەڕپێکراو دەست کەوتوون، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆم لەگەڵ یوئێن کار دەکەم، بەڵێنم داونەتێ جارێ سەرچاوەکەیان ئاشکرا نەکەم و ناویان نەدرکێنم."
 
بە گوتەی محەممەد کاروانی، بەڵگەنامەکان بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی و ئیتاڵی نووسراون.
 
کاروانی ئەوەی خستەڕوو کە کۆنترین ئاماریان هی پێنج مانگ و نیو پێش ئێستایە. کردوونی بە دوو بەشەوە، بەشێکیانی بڵاو کردووەتەوە و بەشەکەی دیکەیان ماوە. 
 
سەرۆکی ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا گوتی: "من خەریکی لێکۆڵینەوەم لە ئامارەکان و بژاریان دەکەم بۆ ئەوەی ژمارەکانم زۆر بە دروستی دەست بکەوێت، چونکە جاری واهەیە لە بەڵگەنامەکاندا ژمارەی نادروستت دەست دەکەوێت. بۆ نموونە، هاوڕێیەکمان دەیگوت لە میسر چوار ملیۆن کورد هەیە. منیش پەیوەندیم کرد بە لایەنی پەیوەندیداری میسرەوە، پشتڕاستیان نەکردەوە کە ئەو ژمارە کوردە لە میسردا هەبن. ئەو کوردانەی لە میسرن هی سەردەمی سەڵاحەدین و بەدرخانییەکانن."
 
کاروانی گوتیشی: "ژمارەی کوردی 24 وڵاتی دیکەم لایە، بەڵام هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەیانم و دەبێت پشتڕاستیان بکەمەوە. بۆ نموونە کورد لە جۆرجیا و گورجستان هەن کە ئێزدین و بە کوردی قسە دەکەن و رادیۆ و ئینستیتیوتیان هەیە."
 
سەرۆکی ئینیستیتیوتی کوردی لە سویسرا گوتی: "ئەو بەڵگەنامانەی تایبەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە من سەیرم کردوون بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێنەوە. من دەمەوێت زۆر بە ئەکادیمییانە ئەم کارە بکەم و لە هەست و سۆز بە دوور بم، چونکە ئەم کارە سبەینێ بۆ مێژوو دەمێنێتەوە."
 
محەممەد کاروانی گوتی: "لە سویسرا بۆ ئەم بابەتە چەند جار پەیوەندیم بە نوێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و گەڕاومەتەوە هەرێمی کوردستانیش لە چەند وەزارەت داوای هاوکاریم کردووە، بەڵام بەداخەوە هاوکاریم نەکراوە."
 
کاروانی باسی لەوە کرد کە ئێستا لە باکووری کوردستان ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان لە زیادبووندایە، بەڵام لە باشووری کوردستان ژمارەی ئەندامانی خێزان بەرەو کەمی دەڕوات و دەبێت حکومەت هانیان بدات بۆ ئەوەی منداڵ بخەنەوە، ئەگینا مەترسیی کەمبوونەوەی لەسەر دەبێت.