دەروازەی سنووریی باشماخ: قەدەخەی هاتووچۆی گەشتیاری لەگەڵ ئێران هەڵناگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی گەشتیاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق نوێکردووەتەوە و بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخیش دەڵێت "دیارنییە قەدەخەکە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت".
 
لیوا مەریوان کەمال، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە سلێمانی کردووە و پێیان راگەیاندووە، "قەدەخەی هاتووچۆ وەکو خۆی بەردەوام دەبێت و رێگە بە هاتووچۆکردنی گەشتیار نادرێت".
 
سەرپەرشتیاریی ئیدارەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئاماژە بەوە دەکات "رێگە بۆ بازرگان، قوتابی، نەخۆش و خاوەن نشینگە ئاساییە و دەتوانن هاتووچۆ بکەن".
 
رۆژی 20ی نیسانی رابردوو، ئیبراهیم زارعی، جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری سنە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەمنەبووەتەوە، بڕیاردراوە قەدەخەی هاتووچۆکردن لە دەروازەی باشماخ تاوەکو 15 رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە. هەروەها دەشڵێت، هاتووچۆی بازرگانی لە سنوورەکە بەردەوام دەبێت.
 
حکومەتی ئێران لە 21-02-2021ـەوە هاتووچۆکردنی گەشتیاریی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان راگرتووە.