بەهۆی شەڕەوە بەشێک لە ئاژەڵدارانی زاخۆ مەڕ و بزنەکانیان هەرزانفرۆش دەکەن
رووداو - زاخۆ
ئاژەڵدارانی گوندی گرێبی لە زاخۆ، لە ماوەی ساڵێکدا و بەهۆی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، نزیکەی 90%ی مەڕ و بزنەکانیان فرۆشتوون. شەڕڤان عەبدولغەفور، شوانی گوندە، گوندەکەیان نزیکەی چوار هەزار دۆنمە، دەتوانێت تەنیا لەسەر 100 دۆنمی دەوروبەری گوندەکە ئاژەڵەکانی بلەوەڕێنێت.
شەڕڤان عەبدولغەفور دەڵێت، بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، ناتوانن مەڕوماڵاتەکەیان زۆر لە گوندەکە دووربخەنەوە و تەنیا 150 بۆ 200 مەتر لە دووریی گوندەکە دەیانلەوەڕێنین، بەو هۆیەشەوە مەڕ و بزنی زۆر لە گوندەکەدا نەماون و فرۆشراون.
خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە مەیدانی فرۆشتنی مەڕوماڵات لە زاخۆ مەڕ و بزنەکانیان دەفرۆشن، یەکێک لەو ئاژەڵدارانە چەند رۆژێک پێش ئێستا مەڕوماڵاتی بە نزیکەی چوار ملیۆن دینار هەرزانتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتووە.
وەلات عەبدوڵڵا یەکێکە لە ئاژەڵدارەکانی گوندی کەرپتا عەبۆش، بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە مەڕوماڵاتی فرۆشتووە، باس لەوە دەکات کە گوندەکەیان کەسی تێدا نەماوە و بەهۆی شەڕەوە 140 سەر مەڕی فرۆشتووە.
لە مەیدانی ئاژەڵانی زاخۆ، نزیکەی 80%ی فرۆشیاران، ئاژەڵدارانی ناوچە سنوورییەکانن کە بەهۆی شەڕەوە مەڕوماڵاتیان دەفرۆشن. ئەحمەد یوسف کە فرۆشیاری مەڕە ئاماژەی بەوە کرد، دوو هەفتە پێش ئێستا جووتێک مەڕ بە 700 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 500 هەزار دینار.
لە سنووری زاخۆ، بەهۆی شەڕەوە، نزیکەی 25 گوند بە یەکجاری چۆڵکراون و نزیکەی 25 گوندی دیکەش بەشێک لە خەڵکەکەی جێیانهێشتوون، بەگوێرەی ئامارێکی قایمقامیەتی زاخۆ، لە ماوەی ساڵیکدا 75 هەزار سەر مەڕ و بزن فرۆشراون.
دلشێر عەبدولستار، قایمقامی قەزای زاخۆ بە وەکالەت، ئاماژەی بەوە کرد، 75 هەزار سەر مەڕ و بزن و گیسک لە ماوەی ساڵیکدا فرۆشراون، ئەمەش بەهۆی "بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەردوو ناحیەی دەرکار وباتیفا"، بەو هۆیەشەوە نرخی مەڕ هەرزان بووە، "[ئاژەڵدار و] جووتیارەکانمان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، چارەیان نەماوە و ناتوانن بەهۆی بۆردوومانەوە مەڕەکانیان ببەنە شوێنی دیکە، ناچاربوون بە هەرزان بیانفرۆشن".
بەپێی ئاماری قایمقامی زاخۆ، بەهۆی فرۆشتنی مەڕوماڵات لە سنوورەکە، نزیکەی 800 کەس بێکار بوون.