لە گوندی بەشیر بۆمبێک بە حەشدی شەعبیدا تەقییەوە

05-05-2016
سیروان عەباس
نیشانەکردن گوندی بەشیر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لە گوندی بەشیر بۆمبێکی چێندراوی داعش بە چەکدارانی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی دوو چەکدار.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاوناحییەکانی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-5-2016 لە نزیک تانکی ئاوی گوندی بەشیری سەر بە پارێزگای کەرکووک، بۆمبێکی چێندراوی داعش، کە پووچەڵنەکرابووەوە، بە چەکدارانی حەشدی شەعبیدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو چەکداریان کوژراون.

سەرحەد قادر گوتیشی "ئەو دوو چەکدارە سەر بە فەوجی بەشیری حەشدی شەعبی بوون".

رۆژی 1-5-2016، هێزەکانی پێشمەرگە دوای ئۆپەراسیۆنێكی 24 كاژێری، تەواوی گوندی بەشیر و پێنج گوندی دیكەیان لەژێر دەستی داعش کۆنترۆڵکردنەوە، ئێستا داعش لە گوندی بەشیر نەماوە و لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە.

گوندی بەشیر، گەورەترین گوندی سنووری کەرکووکە و 25 کیلۆمەتر لە باشووری كەركووكەوە دوورە. بەرلەوەی داعش لە مانگی 6ی ساڵی 2014 كۆنترۆڵی بكات، 1800 ماڵی تێدابوون، چەندینجار حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گوندەكە هێرشیكردووە، بەڵام لە سەرجەم هێرشەکان شكستیان هێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە