رووداو دیجیتاڵ
باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان سێیەم کۆنفرانسی خۆی بەست و لە دوای کۆنفرانسەکە، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردن گوتی، "سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانمان بانگهێشت کردبوو، بەڵام ئامادەنەبوون سەرپەرشتیی کۆنفرانسەکە بکەن."
ئەمڕۆ (شەممە، 5ـی نیسان) یاسین حەمەعەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەکات، لەم کاتەدا وەکو بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنین، بەستنی سێیەمی کۆنفرانسی نیشتمانیمان کۆتایی پێهێنا."
یاسین حەمەعەلی گوتیشی، "کۆنفرانسەکەمان بە ئامادەبوونی نیوە کۆ یەک کرد، هەرچەندە پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەندامانیمان لەگەڵ رێکخراوەکان بانگهێشت کردبوو، بەڵام سووربوون لەسەر ئەوەی لیژنە بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسەکە پێکنەهێنن."
لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) دەڵێت، داوای یاسایی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی و لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان تۆمار دەکەن.
لە کۆتاییدا، یاسین حەمەعەلی داوای لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد، ئەنجامی کۆنفرانسی ئەمڕۆی بزووتنەوەکەیان پەسند بکات.
هەر ئەمڕۆ، ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ ئەندامێکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆن بەشداریی کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە، چونکە ئەو داواکارییەی گۆڕانی گردەکە بۆ بەستنی کۆنفرانس پێشکێشی کردبوو، تێیدا داوای کردبوو کە لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەندامێک بەشداربێت، بەڵام ئەوانیش بەشدار نەبوون.
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "دەبێت هەردوو باڵەکەی گۆڕان (گردەکە و کوردسات) چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن نووسراو دەردەکات بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی کۆنفرانس، بەگوێرەی نووسراوێک، کە 4ـی نیسانی 2025 لە کۆمیسیۆنەوە دەرچووە، داوا لە هەردوو باڵەکەی گۆڕان کراوە؛ چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن کات و شوێنی کۆنفرانس دیاری دەکات، دواتر کاتی کۆنفرانس دیاریبکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ