رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئەمڕۆ (شەممە 5-4-2025) لە پرۆژەی پاڤیلیۆن بای رامس لە هەولێر بەڕێوەچوو، بوراک ئۆزچیڤیت، ئەکتەری سینەمایی تورکیا کە رووخساری پڕۆژەکەیە، وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ڤەژین موراد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە بوراک ئۆزچیڤیت کرد؛ چی هانی داون تاوەکو لەگەڵ ئەو پرۆژەیە رێکبکەون و کار لەگەڵ یەکدی دا بکەن؟
بوراک ئۆزچیڤیت پڕۆژەکەی بە کارێکی جیاواز لە ئەوانی دیکە وەسفکرد و گوتی، "ئاساییە و دەکرێت لە پڕۆژەیەکدا بیت، بەڵام بەشداریکردن لە پرۆژەیەکی وەهادا شتێکی دیکەیە، چونکە ئەم پرۆژەیە هێندەی تایبەتمەندی تێدایە کە لە ژماردن نایەن. بوونی رامس گلۆباڵ لەم کارەدا بۆ من رەهەندێکی جیاوازە، چونکە متمانەی بۆ دروستکردم بۆ ئەوەی رێکبکەوم. بابەتەکە پەیوەندیدارە بە گەورەیی پڕۆژەکە و ئەوەی کە مرۆڤەکانی ئێرە پێویستیان بە چییە، بەڕای من؛ ئەم پرۆژەیە بە باشی وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک دەداتەوە."
پەیامنێری رووداو هەروەها لەبارەی دڵەڕاوکێ و دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر شێوازی دابینکردنی ئاوی ئەو دەریاچەی دەکەوێتە نێو پرۆژەکە، پرسی "لەکاتێکدا کێشەی ئاو لە ناوچەکەدا هەیە، پرۆژەیەکی وەها کە دەریاچەی لەنێودایە، بەڕای ئێوە راستە؟ ئایا سەرچاوەی ئەم ئاوە لەکوێوەیە؟"
بوراک ئۆزچیڤیت ئەمەی بە پرسیارێکی گرنگ و پێویست وەسفکرد و گوتی "سەیرکە! ئاو ژیانە، ئاو دەهێنینە ئێرە. بەڵام لێرە دەمەوێت پرسیار لە ئەندازیار بکەم، ئێمە لە مەودای چەندەوە ئاو دەهێنین؟"
ئەندازیاری سەرەکیی پرۆژەکە کە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو گوتی "ئێمە لە دووریی 32 کیلۆمەترەوە ئاو دەهێنینە هەولێر. لە پرۆژەی ئاوی زاپەوە ئاو دەگاتە ئێرە. دەریاچەیەکی 300 هەزار مەتر دووجایی هەیە و پڕی دەکەین لە ئاو. ئێمە ژیانێک دەهێنینە ئێرە، با نەڵێین ئاو".
بوراک ئۆزچیڤیت دووبارە دەستی بە گوتەکانی کردەوە و گوتی "ئیدی ئاو ژیانە، ئێمە ئاو لە تورکیاوە دەهێنین. هەر بۆیە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان ئەمەیە. بەڵێ خەڵکی ئێرەش پێویستیان بە ئاو هەیە و پێویستیان بەوەیە ئاو ببینن و بڕۆنە نێو ئاو. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پرۆژەکە ئەمەیە."
ئەو ئەکتەرەی تورکیا هەروەها جەختی لەسەر متمانەی بە پرۆژەکە کردەوە و گوتی "لەم پرۆژەیە دڵنیا بن، بەڵێ دەکرێت زۆر پرۆژە بکەیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە وا لە پرۆژەکە بکەیت، جیاواز بێت. کاک فارووق لە یەکەم رۆژەوە باسی ئەمەم بۆ دەکات، دەتوانیت لە هەر شوێنێک پرۆژە بکەیت، بەڵام ئەمە شتێکی دیکەیە. تەنانەت هێنانی ئاو لەو دوورەوە خۆی لەخۆیدا کارێکە، بیرۆکەیەکە، ئەمە دیزایینێکە و کراوەتە راستی. من ئەوڕۆژەی بیستم، باوەڕم نەکرد، ئەمڕۆ کە لە دەرگاوە هاتمە ژوورەوە، گوتم ئەوە ئێوە چیتان کردووە؟!"
رووداو هەروەها لە ئۆزچیڤیتی پرسی پەیامی بۆ هەوادارانی لە کوردستان چییە و تاوەکو ئێستا بیری لەوە کردووەتەوە لە فیلمێکی کوردیدا بەشداری بکات؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەکتەرە تورکەکە گوتی "لەبارەی کارەکەی خۆم، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان سیناریۆیە، جا ئەگەر سیناریۆکە باش بێت، بێگومان قسەی لەسەر دەکەین".
پرۆژەی پاڤیلیۆن
رامس گڵۆباڵ خاوەن ئەزموونێکی نێودەوڵەتیی 37 ساڵییە و لە شەش وڵاتی جیاواز و لە نزیکەی 100 پڕۆژەی جیاواز خاوەن پێگەیەکی دیارە.
ئێستاش سەرپەرشتیی گەورەترین پڕۆژەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات کە پڕۆژەی پاڤیلیۆن بای رامس ـە.
بوراک ئۆزچیڤیت وەکو رووخساری پڕۆژەکە سەردانی هەولێری کردووە.
لەتەک ڤێلاکان، باڵەخانە و رووبەرێکی فراوان لە سەوزایی هەیە. لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاڤیلیۆن بای رامس، دەریاچەیەکی دەستکردی 300 هەزار مەتر دووجا، کتێبخانە، شانۆ، قوتابخانە، ناوەندی وەرزشیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەندی زانست و زانیاری، مۆڵ و سینەما بونیات دەنرێن کە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە دەڵێن، تەواوی ئەو هەنگاوانە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ