گوتەبێژی سۆسیال دیموکرات: هەوڵماندا هێزە ئەمنییەکان کێشەکان چارەسەر بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات رایگەیاند، لە رۆژانی رابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە بۆ بەرگرتن لە روودانی کێشە و ویستوویانە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بابەتەکە چارەسەر بکەن و رێگری لە رووداوی نەخوازراو بکەن، دەشڵێت ئەوەی روویداوە بۆ لەکەدارکردنی حیزبەکە و پێگەی جەماوەریی بووە.
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکانی شەوی رابردووی گوڵەخانە لە پارێزگای هەڵەبجە و شەڕی نێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو، بڵاوکردەوە.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک رووداوی نەخوازراو بەئامانجی نانەوەی ئاژاوە و پشێوی و تێکدانی ئارامیی ناوچەکە روویاندا کە پێچەوانەی خواست و ویستی حیزبمان بووە و دەرئەنجام بووە هۆی شەهیدبوونی گەنجێکی جوانخاسی سڤیلی بێچەکی کورد، لەسەر شەقامی سەرەکی هەڵەبجە - سلێمانی و برینداربوونی چەند جوانمەردێکی تر."
 
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا دەڵێت: "سەرلەبەری ئەو هەواڵ تۆمەت و چەواشەکارییانەی بڵاوکرانەوە رەتدەکەینەوە و هەمووی زانیاری هەڵە و پێچەوانە و ناڕاستبوون."
 
د. فەرهاد تۆفیق لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لەو چەند رۆژەدا هەموو هەوڵێکی خۆیان دا، کە هێزەئەمنییەکانی ناوچەکە بابەتەکە چارەسەربکەن و رێگری لە رووداوی نەخوازراو بکەن، "چونکە دەمانزانی هەمووی بەمەرامی لەکەدارکردن و ناوزڕاندن و پێگەی جەماوەری حیزبمان بوو."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "بەڵام بەداخەوە خۆ لادانی ئێمە نەبووە هۆی رێگری لە رووداوەکە و رووداوەکە روویدا و دەرئەنجامیش راستییەکان و مەرامی گڵاوی پشت رووداوەکان دەرکەوتن و تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنەکانی رووداوەکەش بە فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەیەنرێن."
 
شەوی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2024، لە گوندی گوڵەخانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو. بەهۆی شەڕی نێوان هەردوولا کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.