کەشناسیی عێراق: هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی عێراق باران دەبارێت.
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی خۆی بۆ رۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024 بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت.
 
خێرایى با  لەسەرخۆ بۆ مامناوەند، لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، کەمێک نزمتر دەبێت بە بەراورد بە تۆمارەکانی رۆژی هەینی، 5ـی نیسان.
 
بەپێی دەستەکە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی شەممە بەمشێوەیە دەبێت:

 

- هەولێر: 28 پلە 
- سلێمانی: 27  پلە
- دهۆک: 28 پلە 
- زاخۆ: 29 پلە 
- هەڵەبجە : 28 پلە
- کەرکووک : 31 پلە 
- سۆران : 27 پلە
- حاجی ئۆمەران : 19 پلە 
- گەرمیان : 32 پلە 
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکانی بەشی پێشبینیمان لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق باران دەبارێت."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق گوتی: "جگە لە دابەزینی پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکەین بارانبارینەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشێوەی کەم بۆ مامناوەند بەپێی ناوچەکان و بەشێوەی پچڕ پچڕ."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەم ساڵ بڕێکی زیاتر لە باران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق باریوە، بەڵام هێشتا راپۆرتیان لەبارەی کەشی هاوینی ئەم ساڵەوە ئامادە نییە و نازانن هاوینی ئەم ساڵ لە هاوینی ساڵی رابردوو گەرمتر دەبێت یان نا.