داشکاندنی 20٪ـی کرێی خوێندنی پارالێڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوی رەزامەندیی بۆ داشکاندنی کرێی خوێندنی پارالێڵ - ئێوارانی واژۆ کرد کە 20٪ـی کۆی کرێی خوێندن دەبێت، داشکاندنەکە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تەنیا بۆ ئەم ساڵی خوێندن دەبێت.
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە واژۆکراوە، رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری داشکان لە کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان درا.
وەزارەتەکە داوا دەکات ئەو پارەیەی لەلای قوتابیان و خوێندکاران ماوەتەوە بیدات بە زانکۆ و سەرجەم ئەو خوێندکارانەی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە دەبێت تاوەکو رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو گشت پارەکە بە یەک قیست بە زانکۆکانیان بدەن.
بڕیارەکەی وەزیری دارایی لە رۆژی دەرچوونییەوە کە دوێنێ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024 بوو، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لە نێویاندا داشکاندنی (20٪) لە کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرباری ئەو رێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە.