تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەزار ئامێری پارەدان بۆ پڕۆژەی 'هەژماری من' دادەنرێن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 260 هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمارکراون و 153 هەزاریان کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، هەزار ئامێری پارەدان ناسراو بە "ATM" لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، لەکاتێکدا ئێستا ئامێرەکان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێم جێگیرکراون.
شوباتی ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ی راگەیاند.
بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەراکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تائێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانپێدانراون و بەشداریکردنیان پەسندکراوە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە.
ماوەی ساڵێک دەبێت وەکو دەستپێکی ئەزموونی، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە وەرگرتووە. لە کۆتایی ساڵی رابردووش، مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە وەرگرتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا باسی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکات و بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:
1. دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و راکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی. ئامێرەکان بەشێوەی 24 کاتژێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی رابکێشێت.
2. دەستڕاگەیشتن بە قەرز - پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
3. بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە"POS".
4. گواستنەوەی پارە بەشێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
5. دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.