لە ئیلام دوو کەس بەهۆی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە دەستگیرکران

05-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو هاونیشتیمانی لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەی مەلەکشای پارێزگاکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوو هاونیشتمانییەکە ناوەکانیان 'فەرەج ئەرسەن' و 'کامەران بادبروت'ـە و خەڵکی مەلەکشای ئیلامن.
 
هێزە ئەمنییەکان، رۆژی چوارشەممە، 3ی نیسانی 2024، چوونەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردووە.
 
تائێستا بەفەرمی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو هاونیشتیمانییە کوردە و تۆمەتەکانیان نەزانراوە، لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ئیلامیش سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
پێشتر محەممەد عەباس زادە، هونەرمەندی خەڵکی ئیلام و تەمەن 35 ساڵ، دوای گەڕانەوە لە ئاهەنگی نەورۆز لە شۆهانی مەلەکشای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، لە چەندین ناوچەی سەر بە پارێزگای ئیلام وەک مەلەکشایی، کارزان و سیروان ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز سازکران و بە هەزاران هاونیشتمانیی کورد تێیاندا بەشداربوون و دیمەنەکانی ئەو رێوڕەسمانە بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تەنیبوو.
 
ئەم ساڵ لە زۆربەی شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرفراوان، جیاواز و تایبەت رێوڕەسم و ئاهەنگی تایبەتی نەورۆز بەڕێوەچوون و هاونیشتیمانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان لەو ئاهەنگانەدا کرد.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە