رووداو دیجیتاڵ
چوار کاژێر دوای کۆنگرە نائاساییەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، شەڕ کەوتە نێوان پێشمەرگەکانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود و محەممەد حاجی مەحموود کە بەهۆییەوە کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئێوارەی پێنجشەممە، لە گوڵەخانە گرژی و ئاڵۆزیی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان روویدا و "بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چواری دیکە." دەشڵێت، بکوژی دابان عوسمانیان دەستگیرکردووە.
فەرەج حەمە عەلی، بەڕێوبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق دەڵێت: "یەک کەسیان هێنا کە کوژرابوو، واتە بە مردوویی گەیشتە لای ئێمە، لەگەڵ یەک بریندار ئەویش نێردرا بۆ سلێمانی."
هۆکار و دەستپێکی شەڕەکە بەگوتەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لەلایەن براکەی و پێشمەرگەکانییەوە بووە، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، دابانی کوڕی جێگری پێشووی حیزبەکەیان هێرشی کردووە.
رێبوار گێڵکەیی، برای پێشمەرگەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموودە و دەڵێت، "بەخوا شەرمە حیزبایەتی بووە بە تاپۆ، دەبوو سوڵحیان بکردبا، سەد جار کەعبە بڕووخێنی بەقەد خوێنی کەسێک گوناهبار نابیت."
دابان عوسمان لە دایکبووی 1997 یەکێک لە پێشمەرگەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کورستان بووە، بە گوللەیەک لە شەڕەکە کوژرا و تاریق بیکەیسی و کوڕەکەشی برینداربوون کە هەرسێکیان پێشمەرگەی سەرۆکی حیزبەکە بوون، هاوکات دابانی کوڕی عەبدوڵڵای حاجی مەحموودیش برینداربوو.
سەردار مستەفا، دراوسێی دابان عوسمان دەڵێت: "کەسی زۆر باشبوون، تاقەنەی دوو خوشک بوو، هاوسەرگیریی کردبوو، بەڵام منداڵی نەبوو."
لە سلێمانییەوە هێزی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش بۆ هێورکردنەوەی شەڕەکە چووە گوڵەخانە و دوای چەند کاژێرێک گەمارۆی سەر هێزەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموودی شکاند و کوڕە بریندارەکەی و پێشمەرگەکانی دیکەی لەماڵەکەیان هێنایە دەر.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی هەردوو برا لە یەک ماڵدا لەسەر پلە و پۆست و خاوەندارێتیی حیزب بوو، بەڵام دواتر عەبدوڵڵای حاجی مەحموود پابەندی بڕیاری حیزبەکەی و براکەی بوو؛ راگەیاند لە داهاتوودا حیزب دروست دەکات و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام لە ماڵ جیاییدا گرژییەکان ئاڵۆزتر بوون و لوولەی ئەو تفەنگانەی روو لەیەک بوو تەقەی پێکراو خوێنیان رشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ