ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و گرانی کاڵا و خۆراک کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات و بەپێی راگەیێندراوێک، دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەخرێتەڕوو.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەغدا دەخرێتەڕوو. 
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسندکردنی.
 
بابەتی بەرزیی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وێڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو.