بەڵێندەری ئەو پرۆژەیەی لە هەولێر رووخا و 11 کرێکار بریندار بوون: بەرپرس نیم

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی رەوشی تەندروستیی، رەنگە هەرگیز نەتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، محەممەد یەکێکە لەو 11 کرێکارەی لەئەنجامی رووخانی سەقفی بینایەک کە کاری لەسەر دەکرد، بەسەختی بریندار بوو. بەڵێندەری سەرەکیی ئەو پرۆژەیەش باس لەوە دەکات، بەرپرسیارییەکە لە ئەستۆی ئەودا نییە.
 
محەممەد، پێش سێ ساڵ بەمەبەستی کارکردن لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە روویکردووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام تووشی رووداو بوو و پشت و قاچی شکا. محەممەد بڕیار بوو لەدوای دوو مانگی دیکە ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بەڵام وادیارە پلانەکەی دوادەکەوێت.
 
محەممەد عەلی دەڵێ "بەنزیکەی پێنج نهۆممان هەر بەو شێوەیە ئامادەکرد، واتا ئەگەر بلۆکێک یان ستوونێک لەژێرەوەی بڕووخێت، ئەوا هەرکەسێک لە کار تێبگات، دەزانێت ئەگەر ستوونێک کەوت، ئیدی هەمووی دەکەوێتەخوار".
 
محەممەد لەگەڵ 10 کرێکاری دیکە کە هەشتیان خەڵکی سووریان لەکاتی کارکردندا لە بازاڕی سپیی هەولێر، سەربانەکەی کاریان لێدەکرد، رووخا.
 
لە هەمان رووداودا مەحموودی تەمەن 22 ساڵیش بریندار بوو، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5-4-2023) نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشتی بۆ کرا و ئیدی تا لەژیاندا ماوە، ناتوانێت کاری قورس بکات.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە هەر رووداوێکی کاردا، لیژنەی تەندروستی و سەلامەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکات، دواتر راپۆرتی ئەوان بۆ دادگا دەنێردرێت تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنکار بگرنەبەر، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ژمارەیەکی کەم کرێکار، بەتایبەتی کرێکاری بیانی ناوی خۆیان لەلای ئەوان تۆمار کردووە.
 
نەزمی موسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێ "ئێمە رێکاری یاساییمان هەن، دەتوانین خزمەتی کرێکاران بکەین، چارەسەری تەندروستیان بکەین، پاداشتیان پێبدەین و بەپێی یاسا دەتوانین خوانەکات ئەگەر نەیانتوانی لە داهاتوودا کار بکەن، مووچەیەکیان بەپێی رێکاری یاسایی بۆ ببڕینەوە، بەڵام داخ ئەوەیە، ئەگەر کرێکارەکان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەکرابن، ئەوکاتە لەڕووی یاساییەوە هیچ مافێکیان لەلای ئێمە نابێت".
 
حاجی رەحمان، بەڵێندەری سەرەکییە لەو پرۆژەیەدا کە رووخاوە، بەگوتەی خۆی گرێبەستی لەگەڵ بەڵێندەرەکانی خۆی هەیە، کە ئەوان بەرپرسن لە هەر رووداوێک کە رەنگە رووبدات، ئەو دەڵێ "پەنجەمۆرم پێیان کردووە، هەر رووداو یان موقەدەرێک رووبدات، ئێوە بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرن. ئەوەی لەتوانامدا هەبێت وەکو ئەرکێکی مۆریی (بۆ کرێکارەکان)ـی  دەکەم، بەڵام وەکو ماف، هیچ مافێکی ئەوان لەسەر من نییە، ئەگەر بە هەق بێت، دەبێت هەموو تێچووی شیش و بلۆکیش بدەنەوە من، بەڵام من خەرجییەکانم ناوێتەوە".
 
بەپێی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 41 رووداو لەسەر کار لەلای ئەوان تۆمارکراون، بەڵام ژمارەکە لەوە زیاترە و هۆکارەکەش خەمساردی و پابەندنەبوونە بە مەرجەکانی سەلامەتی.